مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا گەڵاڵەی ڕاگرتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران ی پەسەند کرد
پەیامی کورد ... مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا گەڵاڵەی ڕاگرتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران ی پەسەند کرد
مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا گەڵاڵەی ڕاگرتنی دڕۆنەکانی کۆماری ئیسلامی پەسەند کرد، بەپێی ئەو گەڵاڵەیە کەسانێک کە بە ئاگاداری و لە ڕووی زانستەوە پشتیوانی لە بەرنامەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بکەن، گەمارۆ دەدرێن.
ئەو گەڵاڵەیە کە بە ٤٢٤ دەنگی ئەرێنی و دوو دەنگی نەرێنی پەسەند کراوە، دەبێ لە قۆناغی دواتردا بە پەسەندی مەجلیسی سێنا بگات.
''مایکێل مەکال'' نوێنەری کۆماریخواز و ''تێد دویچ'' ئەندامی دێموکراتی مەجلیسی ئەمریکا، لە داڕێژەرانی سەرەکی ئەو گەڵاڵەیەن.
''تێد دویچ'' ئەندامی دێموکراتی مەجلیسی ئەمریکا سەبارەت بەو گەڵاڵەیە وتوویەتی: ''ئێران لە بەرنامەی دڕۆنەکانی خۆی بۆ هەڕەشە لە سەقامگیری جیهانی و بەرژەوەندی ئەمریکا، کەڵک وەردەگرێت و کۆنگرە بۆ بەرنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو هەوڵە تێکدەرانە، گەڵاڵەی ڕاگرتنی دڕۆنەکانی کۆماری ئیسلامی پەسەند کرد''.
''گای ڕشنتالێر'' ئەندامی کۆماریخوازی مەجلیسی نوێنەران وتوویەتی: '' ئێران لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بۆ کاولکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی ئێمە لە ناوچەکە کەڵک وەردەگرێت''.
پێشتریش هۆشداری ئەوە درابوو کە دروستکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سەربازی لەلایەن سپای پاسداران و ناردنی بۆ گرووپە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە لە مانگەکانی ڕابردوودا زیاتر پەرەی سەندووە.
ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە