مەحموود محەممەد : کۆبوونەوەی داهاتوو دەچینە ناو ووردەکاری زیاتر بۆ پێکهێنانی حکوومەت

پەیامی کورد    ...   مەحموود محەممەد : کۆبوونەوەی داهاتوو دەچینە ناو ووردەکاری زیاتر بۆ پێکهێنانی حکوومەت

مەحموود محەممەد، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی و ووتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکانی شاندی دانووستنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکیتی نیشتمانی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان لەگەڵ یەکیتی زۆر دۆستانە بەڕێوەچوو، دەشڵێت، لە دوو ڕۆژی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی دیکە لە سلێمانی دەکەین.

مەحموود محەممەد، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی و ووتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ووتی، "لە کۆبوونەوەی داهاتوو دەچینە ناو ووردەکاری زیاتر بۆ پێکهێنانی حکوومەت، هەردوولا دەمانەوێت ئەو حوکمڕانییەی پێویستە لە کوردستان هەبێت، دابەش کردنی پۆستەکانیش بۆ لێژنەکان بەجێ دەهێڵین.

سێشەممە، 15-04-2025، هەردوو شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکیتی نیشتمانی کوردستان، بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام، کۆ بوونەوە. 

پارتی و یەکێتی لە ڕاگەێندراوێکی هاوبەشدا جەختیان لەوە کرده‌وه‌، "کۆبوونەوەکە لە کەشێکی دۆستانە و ئەرێنیدا بەڕێوە چوو و گفتوگۆ لەبارەی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا."

بە گوێرەی ڕاگەێندراوە هاوبەشەکە، گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان "هەنگاوی ئیجابی و بەرەوپێش چوونی باش هەبووە." باس لەوەش کراوە "لە ڕۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن."


ئەم بابەتە 24 جار خوێندراوەتەوە