مەحموود محەمەد: پارتی داوای گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری سیاسی كێشه‌ چه‌ق به‌ستووه‌كانی عێراق ده‌كات

پەیامی کورد   ...   مەحموود محەمەد: پارتی داوای گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری سیاسی كێشه‌ چه‌ق به‌ستووه‌كانی عێراق ده‌كات

ووتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحموود محەمەد لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ لە ھەولێر رایگەیاند کە، پارتی داوای گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری سیاسی كێشه‌ چه‌قبه‌ستووه‌كانی عێراق ده‌كات.

له‌ دوای به‌شداریكردنی له‌ پرسه‌ی عومه‌ر میرانی، نوێنه‌ری پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ توركیا، مه‌حموود محه‌ممه‌د له‌ باره‌ی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی پارتی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ سیاسییه‌كان رایگەیاند، پارتی روونكردنه‌وه‌یه‌ك ده‌دات به‌ خه‌ڵكی عێراق، كه‌ ئه‌م كێشه‌ و بنبه‌سته‌ سیاسییه‌ی ئێستا هه‌یه‌ پێویسته‌ به‌ گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتن و یه‌كدی خوێندنه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت.

ووتیشی: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی جیاوازیمان هه‌یه‌، پێویسته‌ دانیشین و باس له‌و جیاوازیانه‌ بكه‌ین و بزانین چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.

هه‌روه‌ها ووتی: پێویسته‌ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ر خه‌می هه‌مووان بێت بۆ ده‌ربازبوون له‌م ره‌وشه‌ی هه‌یه‌.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، پارتی له‌ رێی لیژنه‌ی دانووستانییه‌وه‌، گفتوگۆ ده‌كات و گفتوگۆی له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌رده‌وامه‌.

له‌ باره‌ی كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق، مه‌حموود محه‌ممه‌د ووتی: تا ئێستا هیچ كاندیدێكی هاوبه‌شمان نییه‌، كاندیدی ئێمه‌ و ئه‌وان دیاره‌، به‌ڵام گفتوگۆش به‌رده‌وامه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردستانی و عێراقییه‌كان.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ چه‌قبه‌ستوویی سیاسی عێراق، نزیكه‌ی ساڵێكه‌ هه‌ڵبژاردن كراوه‌، به‌ڵام تا ئێستا لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ زمانێكی هاوبه‌ش بدۆزنه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە