مەحموود موحەمەد پێشوازی لە كونسووڵی ژاپون دەکات

پەیامی کورد     ...    مەحموود موحەمەد پێشوازی لە كونسووڵی ژاپون دەکات

ئەمڕۆ (١ی ٨ی ٢٠٢١) ھەڤاڵ مەحموود موحەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، پیشوازی لە ئەراكاوا میكی هیرۆ كونسووڵی ژاپون لە هەولێر، کرد.

وێرای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی ئەو، ھەڤاڵ مەحموود موحەمەد بە تێروتەسەلی باسی ڕاگەیاندنی پارتی و ڕۆڵی کەناڵەکانی میدیای پارتی لە گەیاندنی پەیامی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە هەر ڕووداو و پێشهاتێك و شێوەی كاری ئۆرگانەکانی ڕاگەیاندنی پارتی بە بەراورد لەگەڵ میدیای حزبە سیاسییەكانی دیکە و ڕاگەیاندنە سەربەخۆکان کرد.

سەبارەت بە ڕێكکەوتنی ستراتیژیی نێوان حكوومەتی عێراق و ئەمریكا و هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان، ھەڤاڵ مەحموود موحەمەد ئاماژەی بە ڕای فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد کە لە ڕێگای بەیاننامەی مەکتەبی سیاسییەوە، پارتی خوشحاڵی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بەو ڕێكکەوتنە، چوونکە پارتی پێی وایە هێشتا هەڕەشەی گەورە لەسەر عێراق هەن و ئەمریكا دەتوانێت ڕوڵێكی گەورەی هەبێت لە هاوكاریكردنی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشانە. دواتر باسی بارودوخی ئێستای عێراق و هەڵبژاردنەكانی پێشوەختەی عێراقی كرد و، ئاماژەی بەوە دا کە پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنانەدایە و ئامادەكاری پێویستی بۆی كردووە. هەروەها باسی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق كرد كە بڕیارە لە ساڵی داهاتوودا بکرێت.

لە درێژەی گفتوگۆی نێوان هەردوولادا، تیشک خرایە سەر عەقڵیەت و خواستی چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق بەگشتی و كێشەی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لەلایەن حكوومەتەكانی عێراقەوە كە بە درێژاییی مێژووی دامەزراندنی عێراق و لە دوای نەمانی ڕژێمی بەعسیش نەتوانراوە كێشەكان چارەسەر بكرێن.

هەر لەم دیدارەدا ھەڤاڵ مەحموود موحەمەد باسی بەشداریی سەركردایەتی سیاسی كوردستان و خودی سەرۆك مەسعوود بارزانی لە دارشتنی دەستووری هەمیشەیی عێراق لە ٢٠٠٣ و، هەوڵ و هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان کرد سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەپێی دەستووری عێراق و هێنانە ئارای هەلومەرجێكی سیاسی بو سەرتاپای عێراق كە ووڵامدەرەوەی خواستی عێراقییەكان بێت و تێیدا مافەكانی گەلی كوردستانیش پارێزراو بێت.

لە كۆتاییدا، بەڕێز ئەراكاوا میكیهیرۆ سوپاسی ھەڤاڵ مەحموود محەمەدی كرد بۆ ئەو شروڤە و ڕوونكردنەوانەی كە تێگەیشتنێكی فراوانتر و قووڵتری لای ئەوان درووست كرد.


ئەم بابەتە 12003 جار خوێندراوەتەوە