مەرجەکانی هاوپەیمانان و ئەمریكا بۆ پڕچەككردنی پێشمەرگە ئاشکرا دەکات

پەیامی کورد     ...    مەرجەکانی هاوپەیمانان و ئەمریكا بۆ پڕچەككردنی پێشمەرگە ئاشکرا دەکات

بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەێنێت ، مەرجی هاوپەیمانان و ئەمریكا بۆ یارمەتیدان و پڕچەككردنی هێزەكانی پێشمەرگە، چاكسازییە، كە كابینەی نۆیەم لە ئێستادا سەرقاڵی ئەو چاكسازییەیە.

ئەمڕۆ ۱۰ـی ۱۱ـی ۲۰۲۰، لە ڕێوڕەسمێكدا بەئامادەبوونی وەزیری پێشمەرگە ، شۆڕش ئیسماعیل و بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە، سەربەست لەزگین، هێزەكانی ئەمریكا هەردوو لیوای ۱٤ و ۱٦ـی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیان پڕچەك كرد، پڕچەككردنی ئەو دوو لیوایەش لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكە بە ناوی "پێشمەرگە لە ئایندەدا".

سەربەست لەزگین، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە، ڕایگەیاند: "هاوكاری سەربازی ئەمریكا بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان، سوودێكی زۆری لە رووی سەربازییەوە هەیە بە ئاراستەی پڕچەككردنی هێزی پێشمەرگە، هاوكارییە سەربازییەكانی ئەمریكاش بۆ هێزی پێشمەرگە، خۆی لە چەندین كەلوپەلی سەردەمیانەدا دەبینێتەوە، كە بریتین لە زرێپۆش و كەلوپەلی سەربازی بە ستانداردی سەربازی سەردەم، ئەمەش دەبێتە دەرفەتێكی دیكەی گرینگ بۆ بەهێزبوونی هێزەكانمان لە ڕووی لۆجستیەوە."

لەزگین، گوتیشی: "مەرجی هاوپەیمانان و ئەمریكا بۆ یارمەتیدان و پڕچەككردنی هێزەكانی پێشمەرگە، چاكسازییە لە ڕیزەكانی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان، هەروەها چەند هەنگاوێك لە بەرنامەی چاكسازی جێبەجێ كراون، لە دوو ساڵی رابردووشدا سیستمی یەكخستنی لیواكان لە چوار بەتالیۆنەوە كراوەتە سێ بەتالیۆن، ئەوانەشی زیاد بوون، سەرقاڵین رێكیان دەخەینەوە."


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە