مەزڵوم عەبدی : ھەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ یەکڕیزی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان لەبیر ناکەین

پەیامی کورد   ...   مەزڵوم عەبدی : ھەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ یەکڕیزی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان لەبیر ناکەین

ژەنەڕاڵ مەزلووم عەبدی لە ووتاری ئەمڕۆی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەک ھەڵوێستی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد و ووتی "سەرۆک بارزانی ھەوڵی زۆری دا بۆ یەکڕیزی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، ھەوڵ و ماندووبوونی لەبیر ناکەین و سوپاسی دەکەین."

ژەنەڕاڵ مەزلووم عەبدی، فەرماندەی گشتی ھەسەدە لە کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەک ھەڵوێستی  لایەنە کوردییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان ووتارێکی پێشکەشکرد و ووتی "ماوەی ١٤ساڵە ئێمە لەشەڕداین، لەپێناو پاراستنی گەلەکەمان ئێستاش هەر بەردەوامین، لەم ھەرێمە شەڕێکی دژوار کرا کە لەم شەڕەدا نزیکەی ١٣ھەزار کچ و کوڕی ئێمە شەھید بوون، نزیکەی سێ ھەزار کەسی دیکەش برینداربوون، بۆیە سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەھیدان دادەنەوێنین و ئەم کۆنفرانسەش دەکەینە دیاری بۆ شەھیدانمان، بۆیە ئەم کۆنفرانسەی یەکڕیزی و یەکھەڵوێستی کورد بڕیاری لەناکاو نەبوو، بەڵکوو لە ئەنجامی ھەوڵ و کۆبوونەوە و گفتوگۆی دوورودرێژی لایەنە سیاسییەکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بووە، بۆیە زۆر سیاسەتمەدار و لایەنی سیاسی پارچەکانی دیکەی کوردستان ھەوڵیان دا بۆ یەکخستنی ھەڵوێستی لایەنە کوردییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان و ھاوکاری ئێمەیان کرد، لە سەرووی ھەمووانیش سەرۆک بارزانی کە ھەوڵ و ماندوبوونی لەبیر ناکەین و سوپاسی دەکەین."
ژەنەڕاڵ مەزلووم عەبدی ووتیشی "یەکێتی کوردان یەکیتی سووریایە و بەھێزی کوردیش بەھێزی سووریایە، زۆر نەتەوە و ئاین و پێکھاتە لە سووریا دەژین، پێویستە لە سوریای نوێ دەستوورێک دابندرێت نامەرکەزی بێت و مافی ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانی تێدا پارێزراو بێت، ئێمە پێویستمان بە سووریایەکی نوێی دیموکرات و نامەرکەزی ھەیە، ماوەی ١٢ ساڵە کورد، عەرەب، ئاشووری، ئەرمەن و چەندین پێکھاتەی دیکە بە ئاشتییانە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەژین و پێکەوەش شەڕی تیرۆرمان کردووە و پێکەوە مێژوومان تۆمار کردووە، لەبەر ئەوەش یەکێک لە کارە پێشینەکانمان پاراستنی ئەم دەستکەوتانە و جێگیربوونی ھەرێمەکەمانە کە چەندین ساڵ لە لایەن ڕژێمی پێشووی سووریا پشتگوێ خرابوو."
دەشڵێت "لەم کۆنفرانسە، لایەنە سیاسییەکانی کورد پێکەوە دانووستان دەکەین لەسەر ئامادەکردنی ڕەشنوسێک و پێکھێنانی شاندێکی ھاوبەش بۆ دیالۆگ لەگەڵ دیمەشق بۆ دابینکردنی مافی کورد لە سووریای نوێدا."


ئەم بابەتە 49 جار خوێندراوەتەوە