مەزڵووم کۆبانێ : دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت شەڕی نەتەوەیی نێوان کورد و عەرەب درووست بکات
پەیامی کورد ... مەزڵووم کۆبانێ : دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت شەڕی نەتەوەیی نێوان کورد و عەرەب درووست بکات!
مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتی- قەسەدە، لە دیدارێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند : دەوڵەتی تورک بەردەوام هەڕەشەی هێرشکردنە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکات و هێزەکانی ئێمەش لە ئامادەکاریدان بۆ هەر ئەگەرێک بەرخۆدان بکەن.
تا ئێستا هەڵوێستی ئەمریکا ئەرینییە، وتوویەتی ئێمە ڕێگە نادەین بە هێرشێکی بەو شێوەیە. ئێمە دەزانین لەمبارەیەوە پەیوەندی هەیە لەنێوان بەرپرسانی ئەمریکا و تورکیا ئەمە بەرز دەنرخێنین.
ئەوە ڕوونە کە ئەردۆغان دۆخی لە ناوخۆی تورکیادا باش نییە، بۆیە دەیەوێت لەسەر حسابی گەلی کورد پشتیوانی ڕەگەزپەرستەکان بەدەستنهێنێت. هەڵوێستە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بەس نین بۆ ڕیگرتن لە هێرشی ئەردۆغان، پێویستە بەردەوام هۆشداری بدرێتە دەوڵەتی تورکیا .
تا ئێستا هەڵوێستی ڕووسیا ئەرینییە لەسەر هێرشی دەوڵەتی تورکیا ، بۆیە داوامان کردووە لە کۆبوونەوەی ڕووسیا و بەرپرسانی تورکیا ئەم بابەتە بخەنە بەرباس. دەوڵەتی تورکیا بوێرى لە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراین وەرگرتووە، هاوکاتی ئەوەش چوونە ناووەوەی سوید و فینلاند بۆ ناتۆ کارتێکی دیکەیە کە دەیەویت لەبەرامبەردا هێرشی ئەو ناوچانە بکات. ئەوان تا ئێستا هێرشیان نەکردووەتە سەر تورکیا ئەوەی کە باسی دەکەن درۆیە، بە پێچەوانەوە ئەوان هێرش دەکەن و داگیرکاریان ئەنجام داوە.
دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت شەڕی نەتەوەیی لە نێوان کورد و عەرەب درووست بکات و بۆ ئەوەش هەوڵدەدات کوردان لە ناوچەکانیان دەربکات و لە شوێنی ئەوان خەڵکی عەرەب جێگیر بکات.
شوێنی هەرە مەترسیدار کە تێیدا داعش کار دەکات و بە ئاشکرا پیلان دادەنێت ئەو ناوچانەیەکە کە لەژێر دەستی داگیرکەری تورکدان. تا ئێستا لەسەر هێرشى داعش بۆ سەر زیندانى حەسەکە لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە، چوونکە ئەم بابەتە ڕووداوێکی زۆر گەورەبوو.
لەم بارەوە دوو گرووپ لە سەرێ کانیەوە هاتبوون کە هەرێمێکی داگیرکراوی دەوڵەتی تورکە، ئێمە پێش ئەوەش گرووپێکی دیکەمان لە ناوبرد کە بۆ هەمان مەبەست هاتبوون.
ئەو ئەمیرەی کارەکانی هێرشەکەی سەر زیندانەکەی ڕێکخست ١٥ کەسی ئینتیحاری خۆکوژی ئامادە کردبوو لە سەرێ کانی بوو.ئەمە وەک دیکۆمێنتارییەک ئامادەمان کردووە و لەلای ئێمە هەیە، هەوڵدەدەین ماوەیەکی دیکە بڵاوی بکەینەوە.
ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە