مەسروور بارزانی : ئەم پرۆژانە هەلی كار بۆ هەزاران كەس دەڕەخسێنن و ئابووری هەرێم بەرەوپێش دەبەن
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی : ئەم پرۆژانە هەلی كار بۆ هەزاران كەس دەڕەخسێنن و ئابووری هەرێم بەرەوپێش دەبەن
ئەمڕۆ یەكشەممە، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پرۆژەی ناوچەی پیشەسازی و کارگەی ڕیسایکلینی زبڵ و خاشاکی لە ناحیەی ڕزگاری لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ داناو لەو ڕێوڕەسمەدا وتارێکی پێشکەش کرد.
دەقی ووتارەکەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
بە ناوی خوای گەورە و دلۆڤان
من زۆر خۆشحاڵم كە جارێكی دیكەش هاتینەوە ئەم دەڤەرە لە شاری زاخۆی دەلال و لەگەڵ ئێوەی خۆشەویست بەشدارم لە دانانی ژێرخان بۆ دوو پرۆژەی گرینگ كە پێك دێت لە ناوچەی پیشەسازی لە زاخۆ و كارگەی لێكجیاكردنەوەی خاشاك (ریسایكلین) كە هەردوو پرۆژەش زۆر گرینگ و ستراتیژین و سوودێكی زۆر بەم دەڤەرە دەگەیەنن.
دەستخۆشی لە هەردوو كۆمپانیای جێ بەجێ كار دەكەم و هیوا دەخوازم بە شێوەیەكی باش هەردوو پرۆژە ئەنجام بدەن. ئێمە لە ساڵی ڕابردوودا كارمان كرد تاوەكوو پرۆژەی وەك ناوچەی پیشەسازی لە شار و پارێزگاكانی دیكەش لە كوردستان هەبن، ئەم پرۆژانە هەلی كار بۆ سەدان و بەڵكوو بۆ هەزاران كەس دەڕەخسێنن و ئابووری هەرێمی كوردستان بەرەوپێش دەبەن.
پێشڤەبردنی كەرتی پیشەسازی لەگەڵ كەرتەكانی دیكە دەكرێ كاریگەرییەكی دیاریان لەسەر پێشوەچوونی كوردستان هەبێت. ئەمڕۆ لە دنیادا ئەو ووڵاتانە بە پێشكەوتوو دادەنرێن كە لە ڕووی پیشەسازییەوە پێشكەوتوو بن و داهێنان لە بەرهەمهێنانی پێویستییەكانی ژیانی مرۆڤدا بكەن.
بە خۆشحاڵییەوە هەرێمی كوردستان دەڤەرێكی زەنگینە لە ڕووی كەرەستەی خاو و سامانی سروشتی كە بنیاتێكی سەرەكیی گەشەكردنی كەرتی پیشەسازییە. بازاڕی كوردستانیش بازاڕێكی نوێ و پێگەیشتووە و پێویستی بە هەر كەلوپەلێك هەبێت، دەبێت ئێمە كاری لەسەر بكەین بۆ دەستەبەركردنی پێویستییەكانی هەرێمی كوردستان و هاوردەكردنی كەلوپەل لە دەرەوە سنووردار بكرێت.
بۆ پێشخستنی كەرتی ئابووری، ئێمە پێویستیمان بە پێكەوەگرێدانی بازاڕەكانی كوردستان هەیە، ئەمەش لە ڕێگەی هەبوونی ڕێگەوبانی باش دەكرێت تاوەكوو هاتوچۆ ئاسان بێت و كاتیش كەم بكرێتەوە، لە دەرئەنجامیشدا تێچوونی داراییش بۆ خاوەن كارەكان كەم دەكرێتەوە. ئێمە ساڵانی ڕابردوو لەسەر ئەم لایەنەش كارمان كردووە و ئێستا ڕێگەوبانی نێوان شارەكان پێشكەوتنی باشیان بە خۆوە دیوە، كاتی نێوان شارەكان و پارێزگاكان زۆر لە پێش ئێستا كەمتر بووە.
پرۆژەیەكی دیكەی گرنگ بۆ ئەمڕۆ كارگەی ڕیسایكلینی زبڵ و خاشاكە، ئەو پرۆژەیەش وێڕای ئەوەی هەلی كار بۆ سەدان كەس پەیدا دەكات، چەندان سوودی دیكەشی هەیە، لەوانەش پاراستنی ژینگە و سەرچاوەكانی سرووشتی و پاراستنی پاكوخاوێنی و ژینگەی زەوی. جگە لەوەی لە رووی تەندروستیشەوە لە نێوان ئەو زبڵ و خاشاكەی بە شێوەی ئێستا یان سووتاندن و لەژێرخاكدانانیدا كە گەلێكجار دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی لە دەڤەرەكەدا، چونكە هەبوونی پاشماوەی زبڵ و خاشاك و پاشماوەكان، مەترسی و هەڕەشەیەكی زۆر مەزنە لەسەر ژینگە و پیسبوونی خاك و ئاوی ژێر زەوی كە لە كۆتاییدا دەكرێ كاریگەرییەكی خراپی لەسەر ژیانی مرۆڤ هەبێت. بۆیە پرۆژەی ڕیسایكلین پرۆژەیەكی زۆر گرنگە و ئێمە كار دەكەین تاوەكوو لە هەموو ناوچە و دەڤەرەكانی كوردستان پرۆژەی لەم شێوەیە ئەنجام بدرێن.
ئەمڕۆ بابەتی ژینگەپارێزی و پاراستنی سەرچاوە سرووشتییەكان و چارەسەركردنیان بە شێوەیەكی زانستی، یەكێكە لە پرسە جیهانییەكان و لەو كێشە مەزنانەیە كە ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبنەوە، لە هەرێمی كوردستانیش ئێمە لەو كێشە و ئاستەنگانە بەدوور نین و دەبێ هەموو ئامادەكارییەك بكەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاستەنگە.
جێی سوپاسە كە خودا فورسەتی پێ داین و توانیمان ئەو بەڵێنانانەی دامان، گەلێكیان ببنە كردار و ببنە پرۆژە، سەرەڕای ئەو هەموو قەیران و ئاستەنگانەی بۆ ئەم كابینەیە دروست كراوە، شكور بۆ خوا بە سینگفراوانیی ئێوە و پشتیوانیی كەرتی تایبەت و ماندووبوون و دڵسۆزیی فەرمانبەرانی حكوومەت لە كەرتی گشتی، ئەو كابینەیە نەكەوت، بەڵكوو ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو سەركەوتن هەنگاوی نا و ئیشەڵا خوا دەرفەتمان پێ بدات، هەنگاوی باشتر و سەركەوتنی مەزنتریش بەدەست دێنین.
ئێمە لەم ماوەیەی چوو، ئەگەر ئێوە سەیری بكەن، گەلێك پێشكەوتن لە بواری كشتوكاڵی و پیشەسازیدا بەدی هاتوون، ئەو دەستپێكەی بووژانەوەی ئابووری یان پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵی یان كەرتی پیشەسازی، ببێتە شۆڕشێكی بووژانەوەی ئابووریی هەموو شار و پارێزگاكانی كوردستان.
هیوای ئێمە ئەوەیە هەموو لایەنە سیاسییەكان لە ناوخۆ و هەموو دۆستانمان لە دەرەوەش پشتیوانی بەرنامەكانی حكوومەت بن، تاوەكوو ئێمە بتوانین بەرنامەی خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ خەڵكی كوردستان دەستەبەر بكەین.
جارێكی دیكە من دەستخۆشی لە كۆمپانیای جێبەجێكاری ئەم پرۆژەیە دەكەم، هیوادارم بە كوالێتییەكی باش ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بكرێت، خەڵكی زاخۆ و دەوروبەری زاخۆ و پارێزگای دهۆك و هەموو كوردستانیش سوود لەم پرۆژەیە ببینن.
جارێكی دیكە بە خێر و سەلامەت بمێنن و كوردستانیش هەر ئاوەدان بێت. گەلەك سوپاس.
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە