مەسروور بارزانی : بایەخدان بە خوێندن و پەروەردە، ھەمیشە لە پێشینەکانی حکوومەتە
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی : بایەخدان بە خوێندن و پەروەردە، ھەمیشە لە پێشینەکانی حکوومەتە
ڕۆژی سێشەممە 10/24، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی کاتۆلیکی لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو.
سەرۆکی حکوومەت لە ڕێورەسمەکەدا، ووتارێکی بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش کرد و پیرۆزبایی لە دەرچووانی زانکۆی کاتۆلیکی هەولێر کرد کە لە پێکهاتە جیاوازەکان پێکهاتوون.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی کرد و پابەندی حکوومەتی هەرێمیشی بە پاراستن و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیان دووپات کردەوە.
سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە کە بایەخدان بە کەرتی پەروەردە و خوێندن، هەمیشە لە کارە لەپێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەت بووە و هەموو هەوڵێک دەخەینەگەڕ بۆ زیاتر بەرەوپێش بردن و گەشەپێدانی خوێندن و دامەزراوە پەروەردەیی و زانکۆکانمان.
لە بەشێکی دیکەی ووتارەکەیدا، سەرۆکی حکوومەت ووتی: پێشتریش باسم لەوە کردووە کە ئامانجمان ئەوەیە کوردستان بکەینە نیشتمانێکی پڕ لە زانست و زانیاری، لەم ڕووەوە سامانی مرۆیی و بەتایبەتی گەنجەکانمان، بەنرخترین سەرمایەی نیشتمانی ئێمەن و شایانی ژیانێکی پڕ لە ئاسایش و خۆشگوزەرانین.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە ڕۆڵی دەرچووانی زانکۆ لە کوردستان کرد کە دەتوانن لە زۆر بواردا هاوکار و یارمەتیدەر بن و ڕۆڵێکی گرینگ بگێڕن. بۆ نموونە زۆر کێشە و قەیرانی جیهانی هەیە وەک کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمئاوی و کەمی خۆراک و هەژاری کە ئەمڕۆ بەرۆکی زۆر ناوچە و دەڤەری جیهانی گرتووەتەوە . لە داهاتوویەکی نزیکیشدا لە کوردستان گفتوگۆ لەبارەی ئە و کێشە و قەیرانانە و ڕێگەچارەکانیان دەکرێ و دەرچووانیش دەبنە بەشێک لەو گفتوگۆیانە و ڕێگەچارە و ئەلتەرناتیڤ پێشکەش دەکەن .
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە