مەسروور بارزانی تاجەگوڵینەی وەفای لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدان دانا

پەیامی کورد    ...   مەسروور بارزانی تاجەگوڵینەی وەفای لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدان دانا

بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدان لە پارکی سامی عەبدۆلرەحمان رێوڕەسمێک بۆ یادی شەهیدانی ١ی شوباتی ٢٠٠٤ رێکخرا.

لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاجەگوڵینەی وەفای لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدان دانا، دواتر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و نوێنەری سەرۆکایەتی هەرێم و ژمارەیەک لە نوێنەرانی دامودەزگا حکوومی و حزبییەکان و کەسوکاری شەهیدان، تاجەگوڵینەیان لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدانی ١ی شوبات دانا.

١٨ ساڵە لەمەوبەر لە ١/٢/٢٠٠٤، کە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان بوو، دوو تەقینەوە لە یەک کاتدا لە بارەگاکانی لقی ٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی ٣ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەنجامدران، لە ئەنجامدا ١٠٣ کەس شەهیدبوون، کە ژمارەیەکیان سەرکردە و بەرپرسی حکوومی و کادیری دیاری هەردوو حزب بوون، ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە