مەسروور بارزانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی خاچی سووری نێودەوڵەتی دەکات

پەیامی کورد      ...   مەسروور بارزانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی خاچی سووری نێودەوڵەتی دەکات

سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی خاچی سووری نێودەوڵەتی كرد و چالاکییە مرۆییەکانی ڕێکخراوەکە و پلان و بەرنامەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.

ئەمڕۆ یەکشەممە 2021/2/14، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی خاچی سووری نێودەوڵەتی کرد بە سەرۆکایەته‌ی ژان ژیرۆم، بەرپرسی ڕێکخراوەکە لە عێراق، لە دیدارەکەدا چالاکییە مرۆییەکانی ڕێکخراوەکە و پلان و بەرنامەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.

شاندی خاچی سووری نێودەوڵەتی، سوپاسی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان ڕێکخراوەکە و دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد، بە تایبەتی هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش و پۆلیس، هەروەها هەوڵە چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمى كوردستانیان لە زیندانیی و چاکسازییەکاندا بەرز نرخاند.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ستایشی کار و چالاکییە مرۆییەکانی خاچی سووری نێودەوڵەتی کرد، کە بە شێوەیەکی بێلایەنانە و پیشەییانە، کارەکانیان ئەنجام دەدەن و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن و پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ سەرخستنی کارەکانیان، دووپات کردەوە.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە