مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا

پەیامی کورد   ...  مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەینێت، هەوڵدەدەن ژێرخانێکی پتەوی ئابووری لە کوردستان دروست بکەن و لە ئایندەیەکی نزیکدا هەست بە بەرهەم و ئاسەوارەکانی دەکرێت.

مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە قوتابخانەی ئەیلوول لە قەزای بەردەڕەش، زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا و لە گوتارێکدا گوتی: "من پیرۆزبایی لە هەموو قوتابیانی خۆشەویست دەکەم بۆ دەستپێکی ساڵێکی نوێی خوێندن، ئومێدەوارم هەمووتان ساڵێکی نوێی سەرکەوتوو تەواو بکەن، بۆ ئەو قوتابیانەی ئەمساڵ دێنە قوتابخانە قۆناغێکی نوێی ژیان دەستپێدەکات، بۆ قوتابیانی دیکەش کە لە ساڵانی رابردوو بەردەوام بوون لە خوێندن، ئەمە درێژەپێدەری ئەو پرۆسەی خوێندنە کە هەموومان پێویستمان پێیە بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی زیرەک و تێگەیشتوو، بۆ ئەوەی بتوانن لە داهاتوودا زیاتر خزمەتی گەل و نیشتمان بکەن".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: "سوپاسێکی بێ پایەنی مامۆستایان دەکەم، کە لەم دوو ساڵەی رابردوو بە لە خۆبوردویی و ئەرکی بێوچانەوە پرۆسەی خوێندن بەردەوام بکەن، نەیانهێشت قەیرانەکان خوێندن پەکبخەن، بەردەوامی ئەوان وایکردووە لە پرۆسەی خوێندن بەردەوام بین، سوپاسی کەسوکاری قوتابیان دەکەم کە یارمەتی منداڵەکانیاندا بۆ ئەوەی لە خوێندن بەردەوام بن، سوپاسی وەزارەتی پەروەردە و ئەو بەرپرسانە دەکەم کە هاوکاربوون بۆ بەردەوام بوونی پرۆسەی خوێندن".

مەسروور بارزانی، لە بەشێکی گوتارەکەیدا، رایگەیاند: "دەزانم لەم دوو ساڵەی رابردوو رووبەڕووی چەندین قەیران بووینەوە، لەم دواییەش چەندین قەیرانی دیکە لە جیهان سەریان هەڵەدا، کە بوونە هۆکار بۆ ئەوەی کاریگەری نەرێنی لەسەر هەموو جیهان هەبووە، بەتایبەتی کاریگەری لە ئابووری وڵاتان کردووە، ئێمە لە کوردستان رەنگە زیاتر هەستمان بەو سەختیە کردبێت، سەرەڕای ئەو قەیرانانە ئێمە توانیمان خۆڕاگربین و لەسەر پێی خۆمان بوەستین، سوپاسی تاک بە تاکی هاووڵاتیانی کوردستان بە تایبەتی مامۆستایان دەکەم، کە بەردەوام بوون و خۆڕاگربوون بەرامبەر بەو هەموو سەختیەی ژیان، کە چەشتوویانە، بەڵام دڵنیابن حکوومەتی هەرێم درێغی نەکردووە و درێغیش ناکات، بۆ ئەوەی ئەو گرفتانەی هەن چارەسەریان بکەین، ئەمە قۆناغێکی درێژخایەنە و رەنگە ئێمە نەتوانین بە شەو و رۆژێک هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین، دەزانم هەموو تاکێکی ئەم وڵاتە گرفتی هەیە، سەختییەکانی ژیان بە تایبەتی لەم دوو ساڵەی رابردوو دیاربووە".

مەسروور بارزانی، گوتی: "ئێمە هەوڵدەدەین ژێرخانێکی پتەوی ئابووری لە کوردستاندا دروست بکەین، ئەوەی لە دوو ساڵی رابردوو هەوڵمان بۆیداوە لەوانەیە زۆر نەبیندرابێت، بەڵام ژێرخانێک بووە لە ماوەیەکی نزیکدا بەرهەم و ئاسەوارەکانی دەردەکەون، ئەوەش بۆ ئەوەیە کە ئێمە ئابوورییەکمان هەبێت کە بتوانێت دەرفەتی کار دروست بکات، هەموو هاووڵاتییەک چاوی لەوەیە سەرکەوتووبێت و ژیانێکی باشتر بۆ خۆیان و نەوەی داهاتوو دروست بکەن".

سەبارەت بە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەدا: "هەوڵمانداوە چەندین قوتابخانەی نوێ دروستبکەین یان نۆژەن بکەینەوە، حکوومەت ئەرکی خۆی جێبەجێکردووەو پێویستە سوپاسی کەرتی تایبەت بکەم کە یارمەتیدەری حکوومەت بووە لە دروستکردنی هەندێک لەو قوتابخانانە، هیوادارم بەردەوامبن لە یارمەتیدانی حکوومەت و رەخساندنی ژینگەیەکی باشتر بۆ قوتابیان".

راشیگەیاند: "حکوومەتی هەرێم هەڵمەتێکی دەستپێکردووە، بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتی و خۆشەویستی بۆ وڵات و بەها بەرزەکانی کۆمەڵگەی ئێمە بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی پێبدەین".

سەرۆکی حکوومەت، لەو گوتارەیدا بە قوتابیانی گوت: "ئێوەی قوتابیانی خۆشەویست دوارۆژی وڵاتەکەمانن و داهاتووی وڵاتەکەمان دەکەوێتە دەست ئێوە".

ئەوەشی خستەڕوو: "ئەمڕۆ ئێمە لە قەزای بەردەڕەشین کە ناوچەیەکی دیاری بەرهەمداری کشتوکاڵییە، لە ماوەی رابردوو وەکو حکوومەتی هەرێم گرنگی زۆرمان بەوەداوە کە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان زیاتر بکەین، لەم دەڤەرە پەتاتەیەکی زۆر بەرهەم دەهێندرێت و هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێن، پێویستمان بە جووتیار و زانستی باشتر و ئەندازیاری باشتر هەیە، بەڵام هەموو ئەوانە لە ئەمڕۆ و لە ئێوەوە دەستپێدەکات، ئەگەر بتوانن لە خوێندن سەرکەوتووبن دڵنیابن کە دەتوانن ببن بە کەسی باشتر و وڵاتەکەمان هەنگاوی باشتر بنێت".

مەسروور بارزانی، جەختیکردەوە: "مامۆستایان بەو سەختییە نەیانهێشت پرۆسەی خوێندن  پەکی بکەوێت، ئەمە جێی رێز و پێزانینە، ئەوەی حکوومەت بتوانێت بۆ باشترکردنی ژیانی ئێوە درێغی ناکات، بەڵام لەوەش تێبگەن کە ئیمکانیاتی حکوومەت سنووردارە، دوای تێپەڕاندنی ئەم قەیرانانە ئەوەی لەدەستمان بێت دەیکەین بۆ باشترکردنی بژێوی ژیانی مامۆستایان و رەخساندنی ژینگەیەکی باشتر بۆ قوتابیان".


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە