مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێ کردن دەکات

پەیامی کورد    ...   مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێ کردن دەکات

لە چوارچێوەی سەردانەکانیدا بۆ وەزارەت و فەرمانگەکانی حکوومەت، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٢ی حوزەیران، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێ کردنی کرد و لەلایەن دانا عەبدۆلکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، پێشوازی لێ کرا.

پاشان سەرۆکی حکوومەت، بە ئامادەبوونی وەزیر و بریکارانی وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوبەرە گشتییەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی کرد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکی و پڕۆژەکانی وەزارەت پێشکەش کرد و ئاماژەی بە پلانی چوار ساڵەی وەزارەت و ئەو پڕۆژانە کرد کە لەماوەی تەمەنی ئەم کابینەیە جێبەجێکراون، هاوکات تیشکی خستە سەر پڕۆژە بەردەوامەکان و ئەو پڕۆژانەش کە گرینگ و بایەخدارن، لەگەڵ ئاماژەدان بەتەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ ژمارەیەک لە پڕۆژەکانی رێگا دووسایدییەکانی نێوان شارەکان.

دواتر سەرۆکی حکوومەت، لە ووتەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای کێشە و گرفتەکانی قەیرانی دارایی، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، بەپێی پلان و بوودجەی بەردەست و بەهۆی کارنامە چاکسازییەکەی ، توانی بە هاوکاری کەرتی تایبەت، چەندین پڕۆژە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات بەتایبەتی لە بواری گواستنەوە و ڕێگەوبانەکان . هەروەها کار لەسەر پڕۆژەی گرینگ و ستراتیژیش کراوە وەک پڕۆژەی بۆنیاتنانی هێلی ئاسنین کە هەنگاوێکی زۆر گرینگە بۆ بەیەکەوەبەستنەوەی شارو ناوچەکان و پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق و ووڵاتانی دراوسێ.

سەرۆکی حکوومەت، هەروەها جەختی لە گرینگی بایەخدان بە ڕێگەوبانەکان و درووستکردنی ڕێگەی دووساید لە نێوان پارێزگاکان و شارەکانی هەرێم بە شێوەیەکی پێشکەوتوو و بە پێی مەرج و ستانداردی نێودەوڵەتی كردەوە . لە هەمان کاتدا کار بکرێت لە سەر چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ڕێگە و شەقامەکانی ئێستا بە شێوەیەکی باش و بەجۆرێک بەرگەی زۆری ژمارەی ئوتومبێلەکانی کوردستان و کەشو هەوا بگرێت .

سەرۆکی حکوومەت، هەروەها باسی لە پلانەکانی حکوومەت کرد لە بواری نیشتەجێکردن کە بڕیارە ٢٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بە هاوکاری کەرتی تایبەت بۆ کرێنیشینان و کەمدەرامەتان لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری کەرتی تایبەت، بە نرخێکی کەم و قیستی درێژخایەن و بە کوالیتیەکی باش درووست بکرێن. لەهەمانکاتدا، کار لە سەر تەواوکردنی ڕێکارەکانی ٩ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی دیکەش بکرێت کە چەند ساڵێکە دەست بە درووستکردنیان کراوە و تا ئێستا تەواو نەکراون.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە زۆر گرینگی و بایەخ بە گوند و دێهاتەکانی کوردستان بدرێت و ڕێگەوبانەکانیان نۆژەن بکرێنەوە و بژێوی گوندنشینان باشتر بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەکرێ حکوومەت بە هاوکاری کەرتی تایبەت، پشتگیری لە درووستکردنی پڕۆژەی بچووک لە بواری کشتوکاڵ و پیشەسازی و پیشە دەستکردەکان لە گوندەکان بکات بۆ ئەوەی گوندنشینانی کوردستان لێی سوودمەند ببەن و ئابووری کوردستانیش زیاتر گەشە بکات.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، چەندین پێشنیار و راسپاردە لە پێناو باشترکردنی کاروبارەکانی وەزارەت و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و نەهێشتنی ڕۆتین و زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان، لەلایەن ئامادەبووانەوە خرانەڕوو.


ئەم بابەتە 11994 جار خوێندراوەتەوە