مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی دادی کرد
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی دادی کرد
لە چوارچێوەی سەردانەکانیدا بۆ وەزارەت و فەرمانگەکانی حکوومەت، ئەمڕۆ پێنجشەممە7ی تەمموز، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی وەزارەتی دادی کرد و لەلایەن فەرسەت ئەحمەد وەزیری داد، پێشوازی لێ کرا.
پاشان سەرۆکی حکوومەت، بە ئامادەبوونی وەزیر و سەرۆکی ئەنجومەنی شورا و سەرۆکی داواکاری گشتی و بەڕێوبەرە گشتییەکانی وەزارەت، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وەزارەتی دادی کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، وەزیری داد، کورتەیەکی دەربارەی پەیکەر و بەشەکان و کار و چالاکی و پلانەکانی وەزارەت و کارکردنیان لە چوارچێوەی کارنامە کابینەی نۆیەم پێشکەش کرد.
دواتر سەرۆکی حکوومەت، لە ووتەیەکدا ئاماژەی بە گرینگی وەزارەتی داد و سەقامگیربوونی دادپەروەری بە گشتی کرد و گوتی دادپەروەری و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی هاووڵاتییان بنەمای سەرکەوتن و بەهێزبوون و مانەوەی هەر دەسەڵات و حۆکمڕانییەکە، بۆیە خوازیارم وەزارەتی داد و هەموو دامودەزگاکانی حکومەت، کار لە پێناو جێبەجێکردنی دادپەروەری و خزمەتکردنی هاووڵاتییان بەگشتی و بەبێ جیاوازی بکەن.
سەرۆکی حکوومەت جەختی لە گرینگی نەهێشتنی ڕووتین و بیرۆکراسی و پێشکەشکردنی ئاسانکاری پێویست بۆ هاووڵاتییان و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی حکومەت کردەوە .
سەرۆکی حکوومەت هەروەها ئامادەیی هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەکی حکوومەتی لە گەڵ دادگاکانی کوردستان دەربڕی بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی پیشەییانە و بە خێرایی، ئەرکەکانیان رابپەڕێنن و لە بەسزاگەیاندنی تاوانباران و سەرپێچیکارانی یاسا بە گشتی و بەتایبەتیش بازرگانانی ماددەی هۆشبەر، هیچ کەمتەرخەمییەک نەکەن.
لە کۆتاییدا سەرۆکی حکوومەت، وەڵامی تێبینی و سەرنج و پێشنیاری ئامادەبووانی دایەوە.
ئەم بابەتە 11999 جار خوێندراوەتەوە