مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی كارەبا دەکات
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی كارەبا دەکات
لە چوارچێوەی سەردانەکانیدا بۆ وەزارەت و فەرمانگەکانی حکوومەت، ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی ئاب، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی وەزارەتی کارەبای کرد و لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا، پێشوازی لێ کرا.
پاشان سەرۆکی حکوومەت، بە ئامادەبوونی وەزیر و بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکار و بەڕێوبەرە گشتییەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وەزارەتی کارەبای کرد.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری کارەبا، کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکی و پلانەکانی وەزارەت و کارکردنیان لە چوارچێوەی کارنامە کابینەی نۆیەم پێشکەش کرد و سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی کرد کە پاڵپشتێکی بەهێزی وەزارەتی کارەبایە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بتوانن خزمەتی هاووڵاتییان بکەن.
وەزیری کارەبا، هەنگاوەكانی چاكسازی و باشكردنی ژێرخانی كارەبا و نەهێشتنی سەرپێچی و باشتركردنی داهات و پێوەری زیرەكی خستەڕوو.
دواتر سەرۆکی حکوومەت، لە وتەیەکدا دەستخۆشی لە کارمەندانی وەزارەتی کارەبا کرد کە توانیویانە بەهۆی ئەنجامدانی هەندێک چاکسازییەوە، لە ڕووی بەهەرمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبادا، پێشکەوتنی باش بە دەست بهێنن، بەڵام هێشتاش کەرتی کارەبا، پێویستی بە گەشەپێدانی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی باشتر، خزمەتی هاووڵاتییان بکات ، لەم ڕووەوە سەرۆکی حکوومەت، وەزارەتی کارەبای ڕاسپارد، هەموو هەوڵێکی خۆیان بخەنەگەڕ و پلان و ئامادەکاری پێویست بکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانرێت کارەبای بەردەوام بە هاووڵاتییان بدرێت ، بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە هاووڵاتییانیش، هاوکار و یارمەتیدەری حکوومەت بن.
سەرۆکی حکوومەت ڕوونیکردەوە، کە بۆ باشترکردنی دۆخی کارەبا و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە هاووڵاتییان ، دەبێ ڕێگری لە هەموو بەهەدەردانێکی کارەبا و زێدەڕۆیی بۆ سەر کەرتی کارەبا بکرێت و پێویستە هاووڵاتییان هاوکاری خۆیان و حکوومەت بکەن، لە ڕێگەی كەمكردنەوەی زیادبەكارهێنانی كارەبا و دانی رسووماتی کارەبا بەشێوەیەکی ڕێک و بەردەوامی، بۆ ئەوەی حکوومەتیش بتوانێت بەشێکی خەرجییە زۆرەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دابین بکات و کارەبا بە باشی بە هاووڵاتییان بدات.
سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە کە کابینەی نۆیەم ، بە هیچ شێوەیەک هیچ باج و رسووماتێکی لە سەر هاووڵاتییان زیاد نەکردووە، بەڵکوو تەنیا ئەو باج و رسووماتەی هەیە ڕێکی خستووەتەوە. ووتیشی ئەرکی سەرەکی ئەم کابینەیە ، خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە بە بێ جیاوازی.
سەرۆكی حكوومەت خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە وەزارەتی كارەبا، ڕووی لە بونیاتنانی چەند پڕۆژەیەكی كارەبا کردووە بە وزەی خۆر، داواشی كرد زیاتر گرینگی بە بەرهەمهێنانی كارەبا بە ووزەی جێگرەوە و پاك و ژینگەدۆست بدرێت.
ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە