مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەکات
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە 13ی حوزەیران، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە درێژەی سەردانەکانیدا بۆ وەزارەت و فەرمانگەکانی حکوومەت، سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی کرد و لەلایەن بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشوازی لێ کرا.
دواتر سەرۆکی حکوومەت، بە ئامادەبوونی وەزیر و بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوبەرە گشتییەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ڕاپۆرتێکی دەربارەی کار و چالاکی و پڕۆژەکانی وەزارەت و بەرنامە و پلانەکانیان بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو خستەڕوو. وەزیری کشتوکاڵ، سوپاسی سەرۆکی حکومەتی کرد کە گرنگی و بایەخێکی زۆر بە بووژاندنەوە و بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و بەرووبوومی ناوخۆیی و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک دەدات.
پاشان سەرۆکی حکوومەت لە وتەیەکدا، وێڕای ئاماژەدان بەردەوامبوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، لە گرنگیدان بە کشتوکاڵ وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز.بەتایبەتیش چونکە خوای مەزن سروشتێکی جوان و خاکێکی بەپیتی بە هەرێمی کوردستان بەخشیوە و پێویستە بە باشترین شێوە، سوودی لێ وەربگرین و بیخەینە خزمەتی خەڵکی کوردستان و گەشەپێدانی ئابووری.
سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە، کە پێویستە هەموو هەوڵێک بخەینەگەڕ لە پێناو دابینکردنی ئاسایشی ئاو و خۆراک و پشتگیریکردنی بەرووبوومی ناوخۆیی و بەرهەمی جووتیارانی کوردستان، ئاماژەشی بەوەدا کە لە هەموو سەردانەکانی بۆ وڵاتانی دەرەوە و کۆبوونەوەی لە گەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتانە، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی ، گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و دۆزینەوەی بازاڕ بووە بۆ بەرووبوومی ناوخۆیی.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت باسی لە گرنگیی بەفیڕۆنەدانی ئاو و پاراستنی ئاوی ژێر زەوی و بایەخدان بە بەنداوەکان و گلدانەوەی ئاو و دروستکردنی بەنداوی نوێ کرد، چونکە بەنداوەکان جگە لە سوودی کشتوکاڵی و بەرهەمهێنانی کارەبا، دەکرێ وەک پڕۆژەی گەشتوگوزاریش سوودیان لێ وەربگیرێت. بۆیە ئەرکی سەرەکی حکوومەت و کۆمەڵگە و هاووڵاتییانە بەگشتی، پارێزگاری لە سامانی ئاو بکەن و بەفیڕۆی نەدەن .
سەرۆکی حکومەت، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە شارەکان و لە بەرچاوگرتنی مەرجە ژینگەییەکان لە بیناسازی و پاراستنی دارستانەکان و بایەخدانی زیاتر بە پارک و باخچەکان کرد وەک ڕێکارێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا.
لە کۆتاییدا، چەندین سەرنج و ڕاسپاردە و پێشنیار، بە مەبەستی پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو، لە لایەن ئامادەبووانەوە خرانەڕوو.
ئەم بابەتە 11995 جار خوێندراوەتەوە