مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەکات
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ی حوزەیران، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکانیدا بۆ وەزارەت و فەرمانگەکانی حکوومەت، سەردانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی کرد و لەلایەن ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن پێشوازی لێ کرا.
دواتر سەرۆکی حکوومەت، بە ئامادەبوونی وەزیر و بەڕێوبەرە گشتییەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن و بەڕێوبەرانی وەزارەت، بە داتا و زانیاری، کار و چالاکی و پڕۆژەکانی وەزارەت و بەرنامە و پلانەکانیان لە بوارەکانی گواستنەوە و گەیاندن خستەڕوو.
پاشان سەرۆکی حکوومەت، لە وتەیەکدا باسی لە گرنگی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کرد کە یەکێکە لە وەزارەتە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت، کە لە چەندین بواردا، خزمەتگوزاریی پێشکەشی هاووڵاتییان دەکات.
سەرۆکی حکوومەت، ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە لە کوردستان سوود لە پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا وەربگیرێت بە ئاراستەی بە ئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت و نەهێشتنی ڕووتین و بیرۆکراسی لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی حکومەت و خزمەتکردنی هاووڵاتییان بە شێوەیەکی باشتر وخێراتر.
سەرۆکی حکومەت، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی ڕێکخستنەوەی بواری گەیاندن و پەیوەندی و کارکردنی کۆمپانیاکانی ئەو بوارە کرد، بەجۆرێک نابێ قۆرخکاری لەم ڕووەوە هەبێت و پێویستە پشتیوانیی لە داهێنان لە بواری تەکنەلۆجیا و پڕۆژەی بچووک بکرێت و دەبێ لە وەرگرتنی کارمەندانی کەرتی تایبەت، زۆرترین دەرفەت بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بدرێت و نابێ ڕێژەی کارمەندانی خەڵکی هەرێم لە کۆمپانیاکان، لە %70 کەمتر بێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باسی لە پێویستی و گرینگی ڕێکخستنەوەی بەکارهێنانی پەیوەندی و تەکنەلۆژیا لە هەرێمی کوردستان کرد، کە بەداخەوە زۆر جار خراپ بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیا و ئامێرەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، زیانێکی زۆری بە کۆمەڵگە گەیاندووە و کێشەی گەورەی خێزانی و کۆمەڵایەتی و دەروونی و یاسایی لێکەوتووەتەوە ، ئەمە جیا لەوەی زۆر جار بوونەتە هۆی بڵاوکردنەوەی بیر و هزری تیرۆریستی و تووندڕەوی، بۆیە دەبێ سنوورێکی بۆ دابنرێت و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر خراپ بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا و ئینتەرنێت بگیرێتەبەر.
سەرۆکی حکوومەت، باسی لە پلانەکانی حکومەتیش کرد لە بواری پێشخستنی گواستنەوەی گشتی، لەم ڕووەوە ئاماژەی بە پڕۆژەی ستراتیژی بنیاتنانی هێلی ئاسنین لە نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق و ووڵاتانی دراوسێ و جیهان کرد کە کاریگەرییەکی ئەرێنی لە سەر پێشخستنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت . هەروەها باس لە چەند پڕۆژەیەکی تایبەت بە پاس و تەکسی لە نێو شارەکان و دروستکردنی تێرمێنالی نێودەوڵەتی بۆ بارهەڵگرەکان و چەندین پڕۆژەی دیکە بۆ باشترکردنی گواستنەوەی گشتیی کرا .
لە کۆتاییدا، ئامادەبووان پێشنیار و ڕاسپاردە و تێبینی پێویستیان بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن خستەڕوو.
ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە