مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی پڕۆژەی درووستکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دهۆکی کرد

پەیامی کورد     ...    مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی پڕۆژەی درووستکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دهۆکی کرد

ئەمڕۆ سێشەممە 21ی ئەیلوولی 2021 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی پڕۆژەی درووستکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دهۆکی کرد.

سەرۆکی حکوومەت لە نزیکەوە شوێنی پڕۆژەکە و نەخشە و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی بەسەر کردەوە کە پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و ئاسانکارییەکی زۆر بۆ گەشتکردنی هاووڵاتییانی پارێزگای دهۆک و بەستنەوەی بە پارێزگاکانی دیکەی هەرێم و عێراق و ئالوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و دەرەوە دەکات .
سەرۆکی حکوومەت لە ووتەیەکدا ئاماژەی بەوەدا کە دوای پێداچوونەوە و ئەنجامدانی گۆڕانکاری پێویست ، دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکرێتەوە.

ئەمەش دەقی ووتەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە:

بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
هاتووینەتە ئێرە بۆ سەردانی فڕۆکەخانەی دهۆک لە قەزای سێمێل، کە لە کابینەکانی پێشتر بڕیار درابوو ئەم فرۆکەخانەیە دروست بکرێت و بڕێک بوودجەشی بۆ تەرخانکرابوو، کارێکی کەمیشی لەسەر کراوە، بەڵام بەداخەوە لەبەر قەیرانی ئابووری نەتوانرا تەواو بکرێت.
سەردانی ئێمە ئەمڕۆ بۆ ئەوەیە ، پێداچوونەوەیەک بەم پڕۆژەیە و بەو گرێبەستانەی کراون بکەین، تا جارێکی دیکە دەست بکەینەوە بە درووستکردنی ئەم فڕۆکەخانەیە، کە گرینگە بۆ دهۆک و دەورووبەریش.
ئەگەر خودا هاوکار بێت دوای دیراسەکردنێکی جیددی کە دەستی پێکردووە، پڕۆژەکە ئامادە دەکەین ،تا ئەم فرۆکەخانەیە بە زووترین کات دەست بەکاربێت و بنیات بنرێت.
بۆیە حەزم کرد، هەموو هاووڵاتییانی کوردستان و بە تایبەت دانیشتووانی دهۆک ئاگادار بکەمەوە، ئەگەر خودا هاوکار بێت، دەست بە ئاوەدانکردنەوەی ئەم فڕۆکەخانەیە دەکەین، کە پێداچوونەوە سەرەتاییەکان، بەرەو کۆتایی چوون و ڕەنگە هەندێک گۆڕانکاریشی تێدا بکرێت، بەڵام هەرکات ئامادە بوو، دواتر موژدەی دەستپێکردنی ئەم پڕۆژەیەتان لە ماوەیەکی نزیکدا پێ دەدەین .
هەر سەرکەوتووبن.


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە