مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ئیمارات کۆ دەبێتەوە

پەیامی کورد      ...     مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ئیمارات کۆ دەبێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 21-11-2021، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆڕبەندی (دیالۆگی مەنامە 2021)، لەگەڵ خەلیفە شاهین، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو، کۆ بووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، مەسروور بارزانی و خەلیفە شاهین گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشهات و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى کرد.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات و جەخت لە گرینگی برەودان بە هاریکاری و هەماهەنگی لە نێوان هەردوولا لە پێناو سەقامگیریی ناوچەکە کراوەتەوە.

لە دوو رۆژی رابردوودا، جگە لە پێشکەشکردنی ووتارێک لە پانێڵێکی کۆڕبەندەکەدا، مەسروور بارزانی لە پەراوێزی ئەو کۆڕبەندە لەگەڵ چەندین بەرپرسی باڵای ئەمریکی، بەریتانی، ئەڵمانی و عەرەبی کۆ بووەتەوە.

کۆڕبەندی (دیالۆگی مەنامە 2021) لە رۆژی 19-11-2021 دەستی بە کارەکانی کردووە و بڕیارە سێ رۆژ بەردەوام بێت و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت.

مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی شاندێکی حکوومەت بەشداری لە کۆڕبەندی (دیالۆگی مەنامە 2021)، کردووە.


ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە