مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ شاندی دانووستانکاری هەرێم کۆدەبێتەوە

پەیامی کورد       ...    مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ شاندی دانووستانکاری هەرێم کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣ ی حوزەیرانی ٢٠٢١ مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گەڵ شاندی دانووستانکاری حکوومەتی هەرێم لە گەڵ حکوومەتی فیدرالی کۆبووەوە. 

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پرۆسەی دانووستانی هەرێمی کوردستان وحکوومەتی فیدرالی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای بوودجەی فیدرالی ٢٠٢١ کرا و ئەنجامی سەردانی چەند رۆژی رابردووی شاندی دانووستانکار بۆ بەغدا خرایەڕوو.

شاندی دانووستانکار دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانیان خستەڕوو تایبەت بە جێبەجێکردنی پابەندییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی یاسای بوودجە لە بواری نەوت و داهاتی نانەوتی، کە لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ وەزارەت ولایەنە پەیوەندیدارە فیدڕاڵییەکان رێککەوتن لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی یاساکە کرا و ئاماژەش درا بە رێککەوتنی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدرالی و هەرێم کە رێککەوتوون لەسەر میکانیزمی هاوبەش بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان کە لە یاسای بوودجە بۆیان دیاری کراوە بە پێی تایبەتمەندییان، بەم شێوەیە ئیتر هیچ بیانوویەک بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نامێنێتەوە کە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم خەرج نەکات کە لە یاسای بوودجە و خشتە هاوپێچەکانی ئاماژەی پێدراوە. 

لە کۆبوونەوەکەدا جارێکی تر جەخت کرایەوە کە هەرێم پابەندە بە یاسای بودجە ولەبەرامبەریشدا، پێویستە حکومەتی فیدرالی ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێم خەرج بکات.


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە