مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ وەزیری بەرگری ئەمریکا کۆدەبێتەوە
ئەمڕۆ شەممە 20 ی نۆڤێمبەری 2021 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری مەنامەی پایتەختی بەحرەین، لەگەڵ لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا ، وەزیری بەرگری ئەمریکا ، بەڕێز و پێزانینەوە ئاماژەی بە ڕۆڵ و پێگەی کاریگەری سەرۆک مەسعوود بارزانی کرد لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا و جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هاوبەش و هاوپەیمانێکی گرینگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا و دووپاتیشی کردەوە کە ئەمریکا، بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی هێزی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی پشتیوانی بەردەوامی ئەمریکای کرد و جەختیشی لە گرینگی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و هەبوونی هەماهەنگی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کردەوە .
دایالۆگی ستراتیژی ئەمریکا و عێراق و گرینگی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال ، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.
ئەم بابەتە 11983 جار خوێندراوەتەوە