مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دەکات

پەیامی کورد     ...   مەسروور بارزانی  سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دەکات

مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە (26ی ئۆکتۆبەری 2021) پێشوازی لە "ماتیۆ تولەر"، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرا.

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی لە سەرۆکی حکوومەت کرد و پشتیوانی ئەمریکاشی بۆ عێراقێکی فیدراڵ و سەقامگیر و خاوەن سەروەری دووپاتکردەوە.

سەرۆکی حکوومەت وێڕای سوپاسکردنی پشتیوانی ئەمریکا، جەختی لە گرینگی پێکهێنانی حکوومەتێکی گشتگیر کردەوە کە ماف و خواستەکانی سەرجەم پێكهاتە جیاوازەکانی عێراق دەستەبەر بكات و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیش بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور، چارەسەر بکات.


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە