مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی حوزەیرانی 2022، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارک برایسن ریچاردسن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد .
لە کۆبوونەوەکەدا کە دەیڤد هانت کونسوولی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، باڵیۆزی بەریتانیا ئاماژەی بە سەردانی سەرکەوتووی سەرۆکی حکوومەت بۆ بەریتانیا و پێشوازیکردنی لە ئاستێکی باڵا و دیدارو کۆبوونەوەکانی کرد کە دەبێتە هۆی پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا. بەتایبەتی بڕیارە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا، کار لەسەر ئەنجامەکانی سەردانەکە لە بوارەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و تەندرووستی و هەماهەنگی سەربازی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستان بکەن .
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانی بەردەوامی بەریتانیای کرد و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە هەموو ئاستەکاندا دووپات کردەوە.
بارودۆخی گشتی عێراق و گرینگی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی، لە ڕێگەی گفتوگۆ و لە سەر بنەمای دەستوور، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.
ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە