مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق دەکات
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە ٦ی دیسەمبەری ٢٠٢١ مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئێریک شۆڤالیێ باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا کە ئۆلیڤیێ دیكۆتینێ كونسوولى گشتی فهڕهنسا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی گشتی و پرۆسەی سیاسی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و هێرش و پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعش، بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کرا.
سەرۆکی حکوومەت، ئاماژەی بە گرینگی برەودان بە هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە بەشێکە لە هەڕەشە بەردەوامەکان بۆ سەر خەڵکی ئەو ناوچانە، بە ئامانجی چۆلکردنیان و گۆڕینی دێمۆگرافیای ناوچەکە .
باڵیۆزی فەڕەنسا، پشتیوانی ووڵاتەکەی بۆ هێزی پێشمەرگە دووپاتکردەوە لە شەڕی دژ بە داعش و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ئەو ناوچانەی ڕووبەڕووی هەڕەشەی تیرۆریستان بوونەتەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی کۆچبەرانی سنووری بێلارووسیا و پۆڵەندا تاووتوێ کرا. باڵیۆزی فەڕەنسا، سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست لە پێناو ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی و هەروەها کارئاسانیکردن بۆ ئەو کۆچبەرانەی بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە، گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان.
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە