مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق کرد
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق کرد
ئەمڕۆ سێشەممە 19ی تەمموزی 2022، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئێریک شۆڤالیێ باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا کە ئۆلیڤیێ دیكۆتینێ کونسووڵی گشتی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان تاووتوێ کران.
کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و چارەسەرکردنیان لە سەر بنەمای دەستوور، تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە بوو. سەرۆکی حکوومەت، وێڕای دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لە چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و بەپێی دەستوور، جەختیشی لەوە کردەوە کە مانەوەی کێشەکان بە بێ چارەسەری و ئاڵۆزکردنی دۆخەکە، لە بەرژەوەندی ئارامی و سەقامگیری و هاووڵاتییانی عێراقدا نییە.
سەرۆکی حکومەت لە بارەی پرۆسەی سیاسی و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ ، ئاماژەی بە گرینگی ڕێزگرتن لە پرنسیپەکانی هاوبەشی و بەشداری ڕاستەقینە و هاوسەنگی و سازان کردەوە.
ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش و گرینگی بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی پێشمەرگە لە لایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
ئەم بابەتە 11994 جار خوێندراوەتەوە