مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە عێراق دەکات
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە عێراق دەکات
دوێنێ پێنجشەممە 16ی حوزەیران، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەلینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە عێراق کرد .
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆبەرت پالەدینۆ کونسووڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر ئامادەی بوو ، سەرۆکی حکوومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی ئەمریکا کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا لە پێناو بەرەوپێشبردن و برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا. پاشان سەرۆکی حکوومەت، کورتەیەکی دەربارەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات خستەڕوو، بە ئاراستەی بنیاتنانی ژێرخانێکی بەھێزی ئابووری و گەشەپێدانی هەمەلایەنەی هەرێمی کوردستان.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە خەڵکی کوردستان، خاوەن دۆز و مافی نەتەوەیی و دەستووریین و کێشەکان لە گەڵ بەغدا، تەنیا بودجە و نەوت و گاز نیین، بەڵکو ئێمە هەرێمێکی فیدرالی و دەستوورین و دەبێ بە پێی دەستوور مامەڵە لە گەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت .
باڵیۆزی نوێی ئەمەریکا، پابەندبوونی وڵاتەکەی بە بەردەوامبوون لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی گرینگی ئەمەریکا و سەقامگیری ئاشتی و ئاسایشی عێراق دووپات کردەوە .
باڵیۆزی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەشێکی گرینگن لە سیاسەتی ئەمریکا و جەختیشی لە گرینگی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق کردەوە کە لە ئاستی داخوازیییەکانی خەڵکی عێراق بێت و بەبێ جیاوازی، خزمەتی گشت پێکهاتەکانی بکات و پەیوەندییەکی باشیشی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەبێت.
ئەم بابەتە 11994 جار خوێندراوەتەوە