مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی پاکستان لە عێراق دەکات
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی پاکستان لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١ مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەحمەد ئەمجەد عەلی باڵیۆزی پاکستان لە عێراق کرد .
لە دیدارەکەدا، باڵیۆزی پاکستان ، سڵاو و ڕێزی سەرکردایەتی پاکستانی بە سەرۆکی حکوومەت گەیاند و خواستی ووڵاتەکەی، بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی هەمەلایەنە لە گەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی، بە تایبەتی لە بواری وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و بەخشینی سکۆڵەرشیپ " زەمالەی خوێندن " بۆ قوتابییانی هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانی پاکستاندا.
باڵیۆزی پاکستان، هەروەها بە پێزانینەوە، ئاماژەی بە پێشکەوتن و ئاوەدانی و پێگەی گرینگی هەرێمی کوردستان کرد، وەک فاکتەرێکی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا .
سەرۆکی حکوومەت، وێڕای جەختکردنەوە لە ئامادەیی هەرێمی کوردستان، بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لە گەڵ پاکستان، باسی لە کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و پێشکەشکردنی کارئاسانیی پێویست بۆ وەبەرهێنەران.
لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها، دەرفەتەکانی کار و هەماهەنگی هاوبەش، بۆ ئەو بابەتانەی جێی بایەخی هەردوولادان، تاووتوێ کرا.
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە