مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای ئەمریکی دەکات

پەیامی کورد      ...   مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای ئەمریکی دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/5/5 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان ، پێشوازی لە شاندێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کرد کە پێکهاتبوو لە دیریک شۆلێی ڕاوێژکار لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، برێت مەکگورک هەماهەنگکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، جۆوی هوود یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک ، دانا سترۆڵ جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت ئامادەی بوو ، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە تاووتوێ کران.
شاندەکە سڵاو و ڕێزی سەرۆک جۆ بایدنیان بە سەرۆکی حکوومەت گەیاند و ئاماژەیان بەوەدا کە هاتنی ئەم شاندە ، جەختکردنەوەی گرینگیدانی سەرۆک و حکوومەتی ئەمریکایە بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان کە هاوپەیمانێکی گرینگی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا.
شاندی میوان وێڕای ستایشکردنی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، دووپاتیکردەوە کە ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ،  بەردەوام دەبێت لە پشتگیریگردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر بە تایبەتی داعش.
سەرۆکی حکوومەت ، سوپاسی و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک بایدن و پشتگیرییەکانی حکوومەتی ئەمریکا دەربڕی و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نیشاندا.
پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و دایەلۆگی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا و گرینگی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال ، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو .


ئەم بابەتە 11994 جار خوێندراوەتەوە