مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی فەڕەنسا دەکات
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی فەڕەنسا دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە 25 ی ئایاری 2021 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی فەرەنسی کرد کە پێکهاتبوو لە فرانسوا دۆما سەرۆکی کۆمیسیۆنی بەرگری نیشتمانی و سەربازی لە پەرلەمانی فەرەنسا ، فیلیپ مایەر و گوێندال ڕۆیلارد ئهندامانى پهرلهمانی فەرەنسا، برۆنۆ ئۆبێرت باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و ئۆلیڤیە دیکۆتینى، کونسوولی گشتی فەرەنسا لە هەولێر.
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا تاووتوێ کرا.
شاندی فەرەنسا جەختی لە گرینگی بەهێزکردنی دۆستایەتی و پەیوەندی مێژوویی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کردەوە و ستایشی هەوڵە چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتیان کرد و ئاماژەیان بەوەدا، کە خواستێکی بەهێزی چاکسازی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دەبینین، بۆیە بە هەموو شێوەیەک ئامادەین بۆ پشتگیری و درێژەدان بە پشتیوانی حکوومەتی هەرێم.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانی بەردەوامی حکوومەت و گەلی فەرەنسای کرد کە هەمیشە لە قۆناغە جیاواز و سەختەکاندا پشتیوانیان لە گەلی کوردستان کردووە ، بە تایبەتی لە یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش. ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکان لە گەڵ فەرەنسا لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی.
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەت فیدراڵی، گرینگی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال و دۆخی کەمپەکانی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان و گرینگی دابینکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆیان، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.
ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە