مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی نەمسا دەکات
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی نەمسا دەکات
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە سەرۆكی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا و باشووری ئەورووپا لە وەزارەتی دەرەوەی نەمسا كرد، لە كۆبوونەوەی نێوانیان نەمسا خواستی ووڵاتەكەی بۆ برەودانی بە پێوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەربڕی.
ئەمڕۆ یەكشەممە، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە گیرۆڵد ڤۆڵمەر سەرۆكی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا و باشووری ئەورووپا لە وەزارەتی دەرەوەی نەمسا و ئۆسكار ڤوستنگەر باڵوێزی نەمسا لە عێراق و ئوردن كرد.
لە دیدارەكەدا گۆڕانكاری و پەرەسەندنەكانی عێراق و ناوچەكە و پەرەپێدانی پێوەندییەكانی نەمسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان تاووتوێ كرا.
سەرۆكی حكوومەت بە پێزانینەوە ئاماژەی بە پێوەندی دۆستانە و مێژوویی ووڵاتی نەمسا لەگەڵ هەرێمی كوردستان و پشتگیریكردنی ئەو ووڵاتە لە خەڵكی كوردستان كرد.
شاندی نەمسا خواستی ووڵاتەكەیان بۆ برەودانی زیاتر بە پێوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و وەبەرهێناندا دەربڕی.
چارەسەركردنی كێشەی كۆچبەرانی كورد لە ئەورووپا و گرینگی ڕێگرتن لە كۆچی نایاسایی، تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكانی دیدارەكە بوون.
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە