مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عادل کەریم وەزیری کارەبای عێراق کرد
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی نۆڤەمبەری 2021 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عادل کەریم وەزیری کارەبای عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی گرینگی پەرەپێدانی هەماهەنگی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی کرا لە پێناو باشترکردنی دۆخی کارەبا لە ڕێگەی سوود وەگرتن لە توانا بەردەستەکانی هەردوولادا.
وەزیری کارەبای عێراق، ستایشی ئەو پێشکەوتنانەی کرد کە لە هەرێمی کوردستاندا بەدەست هاتوون لە بواری بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبا و ڕێگریکردن لە زێدەڕۆییەکانی سەر تۆڕی نیشتمانی کارەبا و بەکارهێنانەوەی ئەو گازانەی لە کێڵەگانی نەوت دەسووتێندرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، کە دەکرێ لە ناوچەکانی دیکەی عێراقیشدا سوودیان لێ وەربگیرێت.
سەرۆکی حکوومەت، جەختی لە گرینگی کارکردن لە سەر بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری بەتایبەتی لە بواری ووزە کردەوە، بە جۆرێک کە سوود لە سەرچاوە جۆراوجۆرەکانی بەرهەمهێنانی ووزە وەربگیرێت. دووپاتیشی کردەوە کە لە عێراق، توانا و شارەزایی و سەرچاوەی باش ھەن کە ئەگەر بە باشی سوودیان لێ وەربگیرێت، عێراق دەتوانێت لە بەرهەمهێنانی کارەبادا، پشت بەخۆی ببەستێت
ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە