مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری بازرگانی تورکیا و شاندی یاوەری کرد
ئەمڕۆ یەکشەممە 26 ی ئەیلوولی 2021 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە موحەمەد مووش وەزیری بازرگانی تورکیا و شاندی یاوەری کرد و دواتر لەگەڵ شاندی باڵای بازرگانی تورکیا کە لە ژمارەیەک بازرگان و وەبەرهێنەرانی تورکیا پێکهاتبوو کۆبووەوە.
لە کۆبووەنەوەدا،سەرۆکی حکوومەت، ئاماژەی بە گرینگی پەرەپێدانی پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا کرد کە دراوسێیەکی گرینگی هەرێمی کوردستان و عێراقە و دەروازەی هەرێمە بەرەو ئەورووپا و جیهان و هاتنی ئەم شاندە بازرگانییە گەورەیە،گڕوتینێکی زیاتر بە پەیوەندی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دەدات. سەرۆکی حکومەت، جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەمیشە خوازیاری پەرەپێدانی پەیوەندیی ھەمەلایەنەیە لە گەڵ تورکیا لە سەر بنەمای ڕێز و بەرژەوەندی هاوبەش و دراوسێیەتی باش.
سەرۆکی حکوومەت، تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕوونیکردەوە کە حکومەتی هەرێم، گرنگییەکی زۆر بە پرۆسەی وەبەرهێنان دەدات، بۆ ئەم مەبەستەش، هەر کارئاسانییەک پێویست بێت دەیکات بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی و برەودان بە پرۆسەی سەرمایەگوزاری و بازرگانی .
وەزیری بازرگانی تورکیا، خواستی ووڵاتەکەی بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان لە سەر هەموو ئاستەکان دەربڕی ، بەتایبەتی لە بواری جمووجۆڵی بازرگانی و وەبەرهێناندا. هیواشی خواست کە ئاستی بازرگانی و سەرمایەگوزاری لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان، لە داهاتوودا بەرفراوانتر ببێت .
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە