مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پارێزگاری نوێی هەولێر دەکات
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پارێزگاری نوێی هەولێر دەکات
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر كرد و جەختی كردەوە: "پێویستە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، خزمەتی هەموو دانیشتووان و پێکهاتە جیاوازەکانی پارێزگای هەولێر بکات، بەتایبەتیش خەڵکی هەژار و کەم دەرامەت".
ئەمڕۆ شەممە 2021/2/20 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئومێد خۆشناو پارێزگاری نوێی هەولێر کرد.
سەرۆکی حکوومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە پارێزگاری هەولێر کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانیدا و جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، خزمەتی هەموو دانیشتووان و پێکهاتە جیاوازەکانی پارێزگای هەولێر بکات، بەتایبەتیش خەڵکی هەژار و کەم دەرامەت .
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەدا کە بە هەموو شێوەیەک، پشتیوانی پارێزگاری هەولێر دەکات بۆ ئەوەی لە ئەرکەکەیدا سەرکەوتوو بێت و بە باشترین شێوە خزمەتی هاووڵاتییان بکات.
پارێزگاری هەولێر، سوپاسی پشتیوانی سەرۆکی حکوومەتی کرد و دڵنیاییدا، کە بە هەموو شێوەیەک کار دەکات لە ئاست متمانە و چاوەڕوانییەکانی خەڵکدا بێت، لە پێناو زیاتر بووژانەوە و پێشخستنی هەولێردا.
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە