مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە گەورە ڕاوێژکای سەربازی حکوومەتی بەریتانیا دەکات*
ئەمڕۆ دووشەممە 8ی نۆڤەمبەری 2021 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارشاڵ سامی سیمسن گەورە ڕاوێژکاری سەربازی حکوومەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا کرد.
لە دیدارەکەدا کە دەیڤد هەنت کونسووڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو ، بارودۆخی گشتی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پەیوەندی دوولایەنە تاووتوێ کرا .
هەردوولا هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر شوێنی نیشتەجێ بوونی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیان بە تووندی سەرکۆنە کرد و پشتگیری خۆیان بۆ پاراستنی سەقامگیری دۆخی عێراق و ئەزموونی دیموکراسی دووپات کردەوە .
گەورە ڕاوێژکاری سەربازی حکوومەتی بەریتانیا، ئاماژەی بە پێگەی گرینگی هەرێمی کوردستان وەک فاکتەرێکی سەقامگیری لە ناوچەکە کرد و پابەندبوونی ووڵاتەکەشی بۆ بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەربڕی.
سەرۆکی حکوومەت، سوپاسی پشتگیری بەردەوامی بەریتانیا و هێزەکانی هاوپەیمانانی کرد و جەختی لە گرینگی پاراستنی سەقامگیری و پێش خستنی پرۆسەی سیاسی عێراق، لە ڕێگەی پێکهێنانی حکوومەتێکی گشتگیر کردەوە کە خزمەتی سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق بکات.
ئەم بابەتە 11983 جار خوێندراوەتەوە