مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامی جەژنە پیرۆزەی خۆی ڕاگەیاند و داوایەکیش ئاراستەی حکوومەتی عێراق دەکات
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامی جەژنە پیرۆزەی خۆی ڕاگەیاند و داوایەکیش ئاراستەی حکوومەتی عێراق دەکات
بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردییەوە ، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی کوردستانییان ، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزە ئەمنییەکان و کەس وکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم . هیوادارم ساڵی خۆشی و خۆشگوزەرانی بێت بۆ گەلی کوردستان .
نەورۆز بۆ گەلی کوردستان، هەمیشە هێما و سەمبۆلی ئازادی و نوێبوونەوەی ژیان و سەرکەوتن بووە ، بۆیە هیوادارم ئەم نەورۆزە ، ببێتە مایەی بە دیهێنانی هەموو مافەکانمان و سەرکەوتن بە سەر هەموو سەختی و ناخۆشییەکاندا.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی خەڵکی کوردستان بکەم، بۆ پشوودرێژی و خۆڕاگرییان کە هاوکار و یارمەتیدەربوون بۆ ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، بتوانێت ڕووبەڕووی قەیرانەکان ببێتەوە.
هیوادارم حکوومەتی فیدرالی ، ئەرکەکانی خۆی بۆ جێبەجێکردنی هەموو خاڵە دەستوورییەکان بە جێ بهێنێت، بو ئەوەی سەقامگیری سیاسی و ئابووری و ئاسایش لە هەموو عێراقدا بچەسپێت.
داوا لە هاونیشتمانییان دەکەم ، پابەندبن بە ڕێنماییە تەندرووستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی، بەتایبەتی لە ڕۆژانی جەژنی نەورۆزدا، بۆ ئەوەی بە یەکەوە کاربکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی
ئەو پەتایە، لە پێناو پاراستنی کۆمەڵگە بە گشتی و بەسەربردنی کاتێکی خۆشتر.
نەورۆزتان پیرۆز بێت و کوردستان هەمیشە ئاوەدانتر و گەشە سەندووتر بێت .
مەسروور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
2021/3/20
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە