مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێک بڵاو دەکاتەوە

پەیامی کورد     ...   مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێک بڵاو دەکاتەوە

مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ٥١ـه‌مین ساڵیادی رێككه‌وتننامه‌ی ١١ی ئازاری ١٩٧٠، په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا رایده‌گه‌ێنێت : خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان، حکوومەتی ئەوکاتەی عێراقی ناچار کرد کە بۆ یەکەمجار، بە شێوەیەکی فەرمی دان بە بەشێک لە مافە نەتەوەییە ڕەواکانی گەلی کوردستاندا بنێت.

ده‌قی پەیامی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ساڵیادی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئادار: 

ئەمڕۆ یادی پەنجا و یەک ساڵەی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئاداری ١٩٧٠ دەکەینەوە کە دەستکەوتێکی مێژوویی شۆڕشی مەزنی ئەیلول بوو بەڕابەرایەتی بارزانی نەمر. 

خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان، حکوومەتی ئەوکاتەی عێراقی ناچار کرد کە بۆ یەکەم جار، بە شێوەیەکی فەرمی دان بە بەشێک لە مافە نەتەوەییە ڕەواکانی گەلی کوردستاندا بنێت. هەرچەندە بەداخەوە حکوومەتی عێراق دواتر، ڕێککەوتننامەکەی پێشێل کرد و پاشگەزبووەوە و سەرئەنجام پەنای بۆ تووندوتیژی و شەڕ لە دژی خەڵکی کوردستان بردەوە . 

ڕێککەوتننامەی یازدەی ئادار، بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتە جیاوازەکانی خەڵکی کوردستان بوو، خواست و ویستی گەلی کوردستان بوو بۆ بەیەکەوەژیانی ئاشتیانە و ڕەتکردنەوەی شەڕ و ماڵوێرانی . لەم بۆنەیەدا ، پێداگیری لە سەر چارەسەریی بنەڕەتی کێشەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی دەکەینەوە لەسەر بنەمای پاراستن و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و چەسپاندنی بنەماکانی سیستەمی فیدراڵی لە عێراق. 

 

مەسروور بارزانی 

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە