مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت ، داتا سەنتەری ناوەندی حکوومەت بە فەرمی دەکاتەوە

پەیامی کورد   ...  مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت ، داتا سەنتەری ناوەندی حکوومەت بە فەرمی دەکاتەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، سەردانی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری( DIT )ی حکوومەتی کرد و لە لایەن سەرۆکی فەرمانگە هیوا ئەفەندی پێشوازی لێکرا.

سەرۆکی حکوومەت، دوای ئەوەی بەشەکانی فەرمانگەکەی بەسەرکردەوە، بۆ یەکەمجار داتا سەنتەری ناوەندی حکوومەتی بە فەرمی کردەوە، کە ناوەندێکی گرینگی زانیارییەکانی فەرمانبەرانی حکوومەت و هاووڵاتییان و خزمەتگوزارییە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان و سیستەمێکی زانیارییە بە شێوەیەکی دیجیتاڵی پێشکەوتوو و پارێزراو کار دەکات و یارمەتییەکی زۆری دەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەدات تا بە شێوەیەکی سەردەمیانە و پێشکەوتوو، خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەشی هاووڵاتییان بکەن.

سەرۆکی حکوومەت، وێڕای دەستخۆشی کردن لە کارمەندانی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری، بۆ کارامەیی و ئاستی بەرزی پێشکەوتووی فەرمانگەکەیان، دووپاتیشی کردەوە ، کە بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان، بەشێکی گرینگە لە پرۆسەی چاکسازی کابینەی نۆیەم کە دەبێتە هۆی برەودان بە ڕوونی و شەفافیەت و نەهێشتنی ڕۆتین و بیرۆکراسی و خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی خێراتر و باشتر.

سەرۆکی حکوومەت ووتی، شانازی بەوە دەکەین کە خاوەنی سەنتەرێکی زانیاری پێشکەوتووی لەوجۆرەین و جێی خۆشحاڵییە، کە کارمەندان و ئەندازایاران و شارەزیانی بواری ئایتی ئەم فەرمانگەیە، دەرچووی زانکۆکانی کوردستانن و توانیویانە، ئەم سەنتەرە پێشکەوتووە دابمەزرێنن و بەڕێوەی ببەن.

سەرۆکی حکوومەت، ئاماژەی بەوە دا کە ئەم سەنتەرە، یەکێکە لە بەرهەمەکانی پرۆسەی چاکسازی و هاوکارییەکی زۆری دامەزراوەکانی حکوومەت و کەرتی تایبەت و هاووڵاتییان بە گشتی دەکات و لە داهاتوودا بەرهەمەکەی دەبینین.


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە