مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ کونسووڵ و نێردە و دیپلوماتکاری ووڵاتان دوا گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی تاوتوێ كرد
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ کونسووڵ و نێردە و دیپلوماتکاری ووڵاتان دوا گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی تاوتوێ كرد
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ کونسووڵ و نێردە و دیپلوماتی ووڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، له كۆبوونهوهكهدا سەرۆکی حکوومەت تیشکی خستە سەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم و پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ.
ئەمڕۆ شەممە 12/2/2022، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ کونسوڵ و نێردە و دیپلوماتی ووڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت تیشکی خستە سەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم و پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە.
سەرۆکی حکوومەت، باسی لە هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق کرد کە پێویستە حکوومەتێک بێت خزمەتی سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق و پێکهاتە جیاوازەکانی بکات و ببێتە هۆی سەقامگیربوونی ئاشتی و ئاسایشی عێراق.
سەرۆکی حکوومەت، جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، بەردەوام کاری کردووە بۆ ئەوەی باشترین پەیوەندی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی هەبێت و هەموو کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن.
سەرۆکی حکوومەت، ئاماژەی بە کارنامەی حکوومەتی هەرێمدا بە ئاراستەی هەمەجۆرکردنی ئابووری و زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و ڕێکخستنەوەی باجەکان و كارئاسانیكردن بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆ و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان کە هەنگاوێکی گرینگە بۆ برەودان و بەهێزکردنی هەماهەنگی لە نێوان دامودەزگاکانی حکوومەت بە شێوەیەکی مۆدێرن و هاوچەرخانە و کەمکردنەوەی گەندەڵی بە جۆرێک کە خەرجی ڕۆژانەی حکوومەت، بە سیستەمی ئۆنڵاین و بەشێوەیەکی شەفاف و ڕوون ئەنجام بدرێت.
جەختیشی کردەوە کە وێڕای ناکۆکییە سیاسییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ، بەڵام نەمان هێشتووە ئەو کێشە و ناکۆکییانە، ڕەنگدانەوەی نەرێنی لە ناو حکوومەتی هەرێمدا درووست بکات، بەڵکوو بە پێچەوانەوە پەیوەندی و هەماهەنگییەکی باش لە نێوان ئەندامان و بەشدارانی کابینەی نۆیەمدا هەیە.
سەرۆکی حکوومەت، دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، فاکتەرێکی گرینگی سەقامگیرییە لە ناوچەکە و خوازیاری پەیوەندی دۆستانەیە لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ و پەرەپێدانی پەیوەندییە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی. ئاماژەشی بە گرینگی بەردەوامبوونی هاریکاریکردن و هەماهەنگیکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لە ڕێگەی نەهێشتنی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە و کاراکردنی سەنتەرەکانی هەماهەنگی ئەمنی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە کێشەی کۆچبەران و ڕێکارەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆچکردنی نایاسایی کرد.
لە کۆتاییدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ووڵامی سەرنج و تێبینی و پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە.
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە