مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەرانی ووڵاتان کۆبووەوە

پەیامی کورد     ...  مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەرانی ووڵاتان کۆبووەوە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەری ووڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لە بەشێکی ووتەکانیدا باسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرد و، وتی "پێویستە بابەتی مووچە دووربخرێتەوە لە ململانێی سیاسی".

دەقی راگەیەندراوەکە:

ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/1/20 مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵ و نێردە و دیپلۆماتی ووڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکوومەت تیشکی خستە سەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم و پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەدا هەرێمی کوردستان، بەردەوام کاری کردووە بۆ ئەوەی باشترین پەیوەندی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی هەبێت و هەموو کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن. بۆ ئەم مەبەستەش، هەموو پابەندبوونەکانی خۆی جێبەجێ کردووە بە ئاراستەی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت. سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە پێویستە بابەتی مووچە دووربخرێتەوە لە ململانێی سیاسی و نابێت مووچە بکرێتە کارتێکی فشار لە دژی هەرێمی کوردستان و سیاسەتی برسیکردن لە دژی مووچەخۆرانی هەرێم بەکاربهێنرێت.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە کارنامەی حکومەتی هەرێمدا بە ئاراستەی هەمەجۆرکردنی ئابووری و زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و ڕێکخستنەوەی باجەکان و ئاسانکاریکردن بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆ. گوتیشی هەموو هەوڵێکمان خستووەتەگەڕ لە پێناو دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، فاکتەرێکی گرنگیی سەقامگیرییە لە ناوچەکە و خوازیاری پەیوەندیی دۆستانەیە لە گەڵ ووڵاتانی دراوسێ و پەرەپێدانی پەیوەندییە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی. ئاماژەشی بە گرینگی بەردەوامبوونی هاریکاریکردن و هەماهەنگیکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر.

لە کۆتاییدا سەرۆکی حکوومەت ووڵامی پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە.


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە