مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە باڵیۆزی ئاڵمانیا لە عێراق کرد
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە باڵیۆزی ئاڵمانیا لە عێراق کرد
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمى كوردستان، پێشوازی له باڵیۆزى ئهڵمانیا له عێراق كرد و بیروڕا دەربارەی دۆخی گشتی عێراق و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ ئاڵوگۆڕ کرا.
ئهمڕۆ دووشهممه 10/10/2022، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارتن یێگەر باڵیۆزی ئاڵمانیا لە عێراق کرد، لە کۆبوونەوەکەدا کە کلاوس شترایشەر، کونسووڵی گشتی نوێی ئاڵمانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادە بوو، سەرۆکی حکوومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لێ کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست.
سەرۆکی حکوومەت هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئاڵمانیا کرد و سوپاسی هاریکاری و پشتیوانی حکوومەتی ئاڵمانیاشی کرد.
باڵیۆزی ئاڵمانیا، خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی پێشمەرگە دووپات کردەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا دەربارەی دۆخی گشتی عێراق و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ ئاڵوگۆڕ کرا، لەمبارەیەوە سەرۆکی حکوومەت، جەختی لە گرینگی ڕێزگرتن لە پرنسیپەکانی بەشداری ڕاستەقینەی هەرێمی کوردستان لە بڕیاری سیاسی عێراق و هاوسەنگی و سازان کردەوە.
ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و گرینگی سەقامگیربوونی بارودۆخی ناوچەکە بە گشتی، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە