مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق دەکات
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق دەکات
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمى كوردستان، پێشوازی له باڵیۆزى ئوسترالیا له عێراق كرد و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئوسترالیایان تاوتوێ كرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 4/10/2022، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پاولا گانلی، باڵیۆزى ئوسترالیا لە عێراق کرد، لە دیدارەکەدا، بارودۆخی گشتی عێراق و هەنگاوەکانی تێپەڕاندنی بەربەستی سیاسی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئوسترالیا تاوتوێ کران.
باڵوێزی ئوسترالیا لە عێراق، ئامادەیی ووڵاتەکەی بۆ برەودان بە پەیوەندی دوو لایەنە و هاریکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی.
سەرۆکی حکوومەت، وێڕای خستنەڕووی کورتەیەک دەرباری چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بە دیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و گرینگی چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور کرد، بە شێوەیەک کە ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و پرنسیپەکانی هاوسەنگی و بەشداری ڕاستەقینە و سازان بگیرێت.
دۆخی ئاوارە و پەنابەران و دەرهاویشتە نەرێنییەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە