مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی نەمسا کرد
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی نەمسا کرد
چوارشەممە 9/13 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئەلکساندەر شالنبێرگ وەزیری دەرەوەی نەمسا( ئۆستریا) کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت ئامادەی بوو ، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی مێژوویی و دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و نەمسا تاوتوێ کرا .
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی حکوومەت و خەڵکی نەمسای کرد بۆ پشتگیری خەڵکی کوردستان لە قۆناخە جیاوازەکاندا . خواستی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ نەمسا لە هەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە.
وەزیری دەرەوەی نەمسا ئاماژەی بەوەدا کە هاتنمان بۆ هەرێمی کوردستان بۆ جەختکردنەوەیە لە سەر دۆستایەتیمان لەگەڵ خەڵکی کوردستان و بۆ برەودانە بە پەیوەندی لەمێژینەمان .
تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکان ، تایبەت بوو بە کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرالی و گرینگی پاراستن و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان . هەردوولا جەختیان لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و پێویسی بەهێزکردن و پتەوکردنی سیستەمی فیدراڵی لە عێراق و سوود وەرگرتن لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی فیدرالیزم لە جیهان و ئەورووپا و لەنێویشیاندا نەمسا کردەوە.
ڕووبەڕووبوونەوە کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانکاری کەش و هەوا لە سەر عێراق و هەرێمی کوردستان ، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو .
ئەم بابەتە 11985 جار خوێندراوەتەوە