مەسروور بارزانی : نابێت جیاکاری لەنێوان هیچ گەڕەک و ناوچەیەک بکرێت و پێویستە بە یەکسانی خزمەتگوزارییە گشتییەکانیان بۆ دابین بکرێت

پەیامی کورد   ...  مەسروور بارزانی : نابێت جیاکاری لەنێوان هیچ گەڕەک و ناوچەیەک بکرێت و پێویستە بە یەکسانی خزمەتگوزارییە گشتییەکانیان بۆ دابین بکرێت

 دووشەممە 8/14 لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای دهۆک، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی چەند کۆڵان و گەڕەکێکی شاری دهۆکی کرد و لە نزیکەوە گوێی لە خواست و داوکارییەکانی خەڵکی ئەو گەڕەکانە بوو.

سەرۆکی حکوومەت هەرەها چەند ماڵێکی لەو گەڕەکانە بەسەرکردەوە و ووتی: نابێت جیاکاری لەنێوان هیچ گەڕەک و ناوچەیەک بکرێت و پێویستە بە یەکسانی خزمەتگوزارییە گشتییەکانیان بۆ دابین بکرێت و پێویستە هەموو وەک یەک خزمەتگوزارییان پێ بگات.

سەرۆکی حکوومەت ڕایگەیاند: ئامانجی ئەم سەردانە بۆ ئەوەبوو، بزانین چ جێگەیەک خزمەتگوزاری پێ نەگەیشتووە، تا هەموو شوێنەکان خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک (ئاو، کارەبا، تەندرووستی و قوتابخانە)یان پێ بگات.

داواشی لە پارێزگاری دهۆک کرد، زیاتر گرنگی بەو گەڕەکانە بدەن کە بەپێی پێویست خزمەتگوزارییان بۆ دابین نەکراوە. هەروەها داوای لە هاووڵاتیانی پارێزگای دهۆکیش کرد، هاوکاری فەرمانگەکانی حکوومەت بکەن لەکاتی گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان و نەهێشتنی سەرپێچی و کاری نایاسایی.


ئەم بابەتە 11985 جار خوێندراوەتەوە