مەسروور بارزانی : هاوكاری و پشتیوانیكردنی ئاڵمانیا جێگای پێزانینی هەموو خەڵكی كوردستان بووە
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی : هاوكاری و پشتیوانیكردنی ئاڵمانیا جێگای پێزانینی هەموو خەڵكی كوردستان بووە
ئهمڕۆ سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئاڵمانیا كرد و پاش كۆ بوونهوهیان، له كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیشدا ناوهڕۆكی كۆبوونهوهكه و را و بۆچوونیان لهسهر چهند پرسێكی گرینگ راگهیاند.
ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی 3ی 2023، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی له ئانالێنا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئاڵمانیا كرد و پاش كۆبوونهوهیان، كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیشیان ئهنجام دا و تێیدا سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان تیشكی خسته سهر چهندین تهوهر و بابهتی گرینگ كه ئهمه دهقهكهیهتی:
هەموو لایەك بەخێر بێن
ڕێگەم بدەن بە ناوی خەڵكی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەخێرهاتنێكی زۆر گەرمی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، خاتوو (ئانالێنا بێربۆک) بكەم، زۆر زۆر بەخێر بێی.
ڕێگەم بدەن با بەڕێزیان قسەكانی خۆی پێشكەش بكات، دوایی ئێمەش لە خزمەتتاندا دەبین.
ڕێگەم بدەن پیرۆزبایی ڕۆژی ئافرەتان لە جەنابت (خانمە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا) بكەم، هەرچەندە پێمانوایە هەموو رۆژی ساڵ پێویستە ڕۆژی ئافرەتیش بێت. هەروەها جێگەی خۆیەتی من بە ناوی خەڵكی هەرێمی كوردستانەوە سوپاسی جەنابت و لە ڕێگەی جەنابتەوە هی حكوومەت و پەرلەمانی ئەڵمانیا و خەڵكی ئەڵمانیا بكەم بۆ بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان كە بێگومان ئەمە هاوكارییەكی زۆر بوو لە ناساندنی ئەو تاوانەی دەرهەق بە خوشك و برا ئێزدییەكانمان كرا لە ئاستی جیهان. هیوادارم وڵاتانی تریش چاو لە ئێوە بكەن، بۆ ئەوەی نەك تەنیا ئەم كۆمەڵكوژییە بەجینۆساید بناسرێت، بەڵكوو ببێتە هاندەرێكیش بۆ ئەوەی لە رووی ئاوەدانكردنەوە و هاوكاریكردنی خوشك و برا ئێزدییەكانمان بەشداری بكەن.
ئەڵمانیا بێگومان بۆتە پەناگەیەك بۆ زۆر لەوانەی لێقەوماون، گەورەترین رەوەندی كوردی لە دەرەوە لە ئەڵمانیایە، ئەمەش ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو پەیوەندییە نزیكەی لە نێوان ئەڵمانیا و خەڵكی كوردستاندا هەبووە، بووەتە رێخۆشكەرێك بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان جێی خۆیان لە ئەڵمانیا ببیننەوە.
هەروەكوو بینیمان لە كاتی هێرشی دڕندانەی داعش بۆ سەر خوشك و برا ئێزدییەكانمان، زۆر خەڵكی ئێزدیی ئێمە ڕوویان كردە ئەڵمانیا بۆ ئەوەی لەوێ زیاتر سەلامەت بن.
لەبارەی ئێمەوە، هاوكاری و پشتیوانیكردنی ئەڵمانیا لە شەڕی داعش، جێگەی دەستخۆشی و پێزانینی هەموو خەڵكی كوردستان بووە. ئێوە یارمەتییەكی زۆری ئێمەتان دا بۆ ئەوەی زاڵ بین و بتوانین ئەم گرووپە تیرۆریستییە دڕندەیە تێكبشكێنین. هاوكارییەكانی ئێوە بەردەوام بوون، دوای ئەوەش لە ڕووی سەربازی و راهێنان و یارمەتیدانی پێشمەرگەوە بەردەوام بوون. من جارێكی تر سوپاسی ئەو هاوكاریی و پشتیوانییەی ئێوە و خەڵكی ئەڵمانیاش لە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكەم.
ئێمە لە گفتوگۆكانمان لەگەڵ بەڕێز وەزیری دەرەوە، باسی چەند خاڵێكی ترمان كرد، لەوانە پتەوكردنی دیموكراسیەت و جێبەجێكردنی یاسا، ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم بە هەموو جۆرەكانیەوە، هەروەها باسی ئەوەمان كرد كە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی خەڵكی كوردستان هەموو هەوڵێك بدەین بۆ باشتركردنی ژیانی خەڵك و پتەوكردنی پەیوەندییەكانیشمان لەگەڵ وڵاتانی دۆست، بە تایبەتی ئەڵمانیا. كە داوام لێكردن ئەوان زیاتر یارمەتی ئێمە بدەن، هەرچەندە بەخۆشحاڵییەوە دەتوانم بڵێم چەندین گرێبەست لە نێوان كۆمپانیاكانی ئەڵمانیا و هەرێمی كوردستاندا واژۆ كراون و یارمەتی ئێمە دەدەن، داواكارم زیاتر بتوانن یارمەتیی ئێمە بدەن بۆ ئەوەی بتوانین پەرە بە كەرتی ئابووریی هەرێمی كوردستان بدەین كە ئەمە یەكێكە لە بنەما سەرەكییەكانی باشتركردنی سەقامگیری و كاریگەریشی دەبێت لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە بە شێوەیەكی گشتی.
باسێكی تر، باسی شنگالمان كرد، هاوڕا بووین لەسەر ئەوەی كە خەڵكی سەربەرزی شنگال بە ئێزدی و خەڵكی تریشەوە بتوانن بە كەرامەت و شەرەفەوە بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان و هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی پێویستە بۆیان دابین بكرێت، رێككەوتنی شنگال كە لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق واژوو كراوە، ببێتە بنەمای چارەسەركردنی كێشەكانی شنگال و هەمووی وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.
من زیاتر لەوە كاتتان ناگرم، جارێكی تریش دەمەوێ بە گەرمی بەخێرهاتنی وەزیر بكەم و هیوادارم پەیوەندییەكانمان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو قۆناغی باشتر و گەورەتر هەنگاو بنێت. زۆر زۆر سوپاس، زۆر بەخێر بێن.
ئەم بابەتە 11985 جار خوێندراوەتەوە