مەسروور بارزانی : هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی گرفتی خوێندکاران چارەسەر بکەین
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە گیروگرفتەکانی قوتابیان، لە هەولێر لەگەڵ ژمارەیەک لە قوتابیانی زانکۆکانی کوردستان کۆدەبێتەوە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای کۆبوونەوەی لەگەڵ قوتابیان گوتی: "حەز دەکەم گفتوگۆیەکی راشکاوانە لەگەڵ ئێوە بکەم و گوێتان لێبگرم، بۆ ئەوەی بزانم داواکارییەکانی ئێوە چییە".
مەسروور بارزانی، رایگەیاند: "ئێمە دەزانین لە ووڵاتێکدا دەژین، بەداخەوە بە درێژایی مێژوو دووچاری چەندین قەیران و کێشە و مەینەتی و هێرش و غەدر و زوڵمی مێژوویی بەسەر بەو ووڵاتەدا کراوە، بەتایبەتی وەک بینیمان ئەم ماوەی دوایی چۆن مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان کراوە، دەزانین نەتەوە و خەڵێکی مەغدوورین بە هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان کە لە کوردستان دەژین، هەموو هەوڵێک دراوە کە نەهێڵن خۆمان لەسەر پێی خۆمان بوەستین، هەمووکات واکراوە لایەنەکانی دیکەش سوود لە جیاوازی نێوانمان وەربگرن، لە کێشە و قەیرانەکان هەندێک جار کە دروست دەکرێن".
سەرۆکی حکوومەت، ئاماژەی بەوەشدا: "ئێمە چەندین ئەرکمان لەسەر شانە، ئەرکی سەرەکی ئێمە ئەوەیە ئهم ئەزموون و کیانە بپارێزین، و داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو درووست بکەین، جگە لەوەش ئەرکێکی دیکە ئەوەیە هەر هاووڵاتییەک بتوانێت خۆی پێبگەینێت و ئیش و کاری خۆی بکات، رۆڵی خۆی لەناو کۆمەڵگە ببێنێ و پەرەی پێبدات".
مەسروور بارزانی، لە وتارەکەیدا بۆ قوتابیان ووتی: "من دەزانم ئێوە کێشەتان هەیە، بەڵام لە هەموو کوردستان کێشە هەیە، باسی هەر چین و توێژێک بکەین، رەنگە چەندین گیروگرفتیان هەبێت، چارەسەرکردنی کێشە بەوە دەکرێت کە گفتوگۆ لەگەڵ یەکتر بکەین، گوێ لە یەکتر رابگرین و پێکەوە هەست بە بەرپرسیاریەتی بکەین، حوکمرانی تەنیا ئەوە نییە حکوومەتێک حوکمڕانی بکات و هاووڵاتیش تەنیا گوێ رایەڵ بێت، دەبێ هەردوولا پێکەوە کاربکەن، ئەرک و ماف بۆ هەردووکیانە، دەبێ ئەو ئەرک و مافە، بەرپرسیاریەتی هاوبەش بێت، هەموومان پێکەوە ئیشی خۆمان بکەین و گوێ لە یەکتر بگرین و لە خزمەتی یەکتر دابین، بۆ ئەوەی سوودی زیاترمان بۆ خەڵک و وڵاتەکەمان هەبێت".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: "بیستم لەم دواییە هەندێک گیرگرفت هەبووە لە بەشە ناوخۆییەکان، پێویستیان بە چاککردنە، داواکارییەکانی ئێوە بەردەوام گەیشتووە و هەموو هەوڵێکیش دەدەین بۆ ئەوەی ئەو گرفتانە چارەسەر بکەین، لەلایەکی دیکە بینینیمان کە خۆپیشاندان کرا، خۆپیشاندان مافێکی ئاساییە و هەموو چین و توێژێک دەتوانێت بە شێوەیەکی ئارام و ئاشتیانە خۆپیشاندان بکات، و حکومەت پشتیوانی لە خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەکات، بەڵام خوا نەخواستە ئاڕاستەکردنی خۆپیشاندان بە شێوازێکی تر یان هەندێک کەسی دیکە خۆی تێبخزێنن و بێنە ناو خۆپشاندان، کە بابەتەکە والێ بکەن فەوزا و توندوتیژی دروست بێت، ئەمە نە خزمەتی مافەکانی قوتابیان و نە داواکارییەکانیان دەکات نە چارەسەری گرفتەکان دەکات، بە پێچەوانەوە کێشەکان قوڵتردەکەن و رێگە دەدەن خەڵكێکی دیکە سوود لەو خۆپیشاندانە وەرگرن، لەبەر ئەوە داوا لە هەموو خوشک و برایانی خۆشەویست دەکەم، ئەگەر خۆپشاندان دەکەن با خۆپیشاندانەکان ئاشتیانە و ئارام بن، زۆر بە مەدەنیانە داواکارییەکانی خۆتان پێشکەش بکەن، یان هەموو جارێک دەتوانن نوێنەرتان بنێرن، بۆ ئەوەی داواکارییەکانتان بە حکومەت بگەن".
".
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە