مەسروور بارزانی و باڵیۆزی کەنەدا پرۆسەی سیاسی عێراق یان تاوتوێ کرد
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی و باڵیۆزی کەنەدا پرۆسەی سیاسی عێراق یان تاوتوێ کرد
ئەمڕۆ سێشەممە 8ی ئاداری 2022، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە گریگۆری گالیگان باڵیۆزی نوێی کەنەدا لە عێراق کرد.
سەرۆکی حکوومەت، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی نوێی کەنەدا کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانیدا لەپێناو بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی کەنەدا و هەرێمی کوردستان.
باڵیۆزی کەنەدا خۆشحاڵی خۆی بە دەستبەکاربوونی لە عێراق دەربڕی و کورتەیەکی دەربارەی بەرنامە و چالاکییەکانی کەنەدا لە عێراق و هەرێمی کوردستان خستەڕوو. خواستی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بوارەکانی وەبەرهێنان و کشتوکاڵ و تەکنۆلۆژیادا نیشاندا. باڵیۆزی کەنەدا هەروەها ستایشی ئەزموونی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی کرد.
پرۆسەی سیاسی لە عێراق، شەڕی داعش و گرینگی پشتگیریکردنی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوون.
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە