مەسروور بارزانی : پشتیوانی له ئەنجامدانی هەڵبژاردن دهكهین
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی : پشتیوانی له ئەنجامدانی هەڵبژاردن دهكهین
سەرۆکی حکوومەتی ههرێمی كوردستان لهگهڵ شاندێکی هاوبەشی یەکێتی ئەورووپا لە عێراق و سووریا كۆبوهوه و رایگهیاند، حکوومەتی هەرێمی كوردستانی پشتیوانی له ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە نزیکترینکاتدا دهكات و ئامادەیی حکوومەتیشی بۆ هەر هاریکاری و کارئاسانییەک، بۆ ئەم مەبەستە ڕاگەیاند.
بهپێی راگهیندراوێكی نووسینگهی سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە (8ی ئەیلول)، مەسروور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی یەکێتی ئەورووپا لە عێراق و سووریا کرد بە سەرۆکایەتی ڤیلە ڤاریۆلا باڵیۆزی یەکێتی ئەورووپا لە عێراق، لە کۆبونەوەکەدا کە بەرپرسی نێردەی یەکێتی ئەورووپا لە سووریا دان ستوینسکو و ئهندێرس ویبێرگ، سهرۆكى نوێى نێردهى ڕاوێژكاری یهكێتی ئهورووپا له عێراق ئامادەی بوون، گفتوگۆ دەربارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و سووریا و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و یەکێتی ئەورووپا کرا.
له راگهیندراوهكهدا هاتووه، دوای خستنەڕووی کارو چالاکییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق و سووریا، باڵیۆز ڤاریۆلا ستایشی پرۆسەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو هەڵمەتی ئاوەدانکردنەوەیەی کرد کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە و ئامادەیی یەکێتی ئەوروپاشی بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک لە گەڵ حکوومەتی هەرێم دەربڕی.
سەرۆکی نێردەی یەکێتی ئەورووپا لە سووریا، سوپاسی هاریکاری مرۆیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پەنابەرانی سوریا لە هەرێم و ئاسانکاری هاتووچۆی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد، سەرۆکی حکوومەت، ئاماژەی بە پەیوەندی بەهێز و دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کرد و خواستی بەرەوپێشترچوونی زیاتری پەیوەندییەکانی لە سەر هەموو ئاستەکاندا نیشاندا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، "سەرۆکی حکوومەت پشتیوانی حکوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە نزیکترین کاتدا دووپات کردەوە و ئامادەیی حکوومەتیشی بۆ هەر هاریکاری و کارئاسانییەک، بۆ ئەم مەبەستە ڕاگەیاند".
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە