مەسروور بارزانی پیرۆزبایی لە د. عەلی قەرەداغی کرد
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی پیرۆزبایی لە د. عەلی قەرەداغی کرد
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە د. عەلی قەرەداغی دەکات بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆکی یەکیتی جیهانی زانایانی موسڵمانان.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە مهسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ د. عەلی قەرەداغی، پیرۆزبایی سەرکەوتنی کارەکانی کۆنگرەی یەکیتی جیهانی زانایانی موسڵمانان و هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی یەکێتییەکە لێکرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لەپێناو خزمەتکردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلانی ستەم لێکراو لەنێویشیاندا گەلی کوردستان.
لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی یەکیتی جیهانی زانایانی موسڵمانان، سوپاس و پێزانی خۆی و یەکیتی جیهانی زانایانی موسڵمانانی بۆ پەیوەندیکردن و پیرۆزبایی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی دەربڕی.
لە شەشەمین کۆنگرەی یەکیتی جیهانی زانایانی موسڵمانان کە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەچوو، د. عەلی قەرەداغی بە دەنگی 91%ـی بەشداربووانی شەشەمین کۆنگرەی یەکیتی جیهانی زانایانی موسڵمانان بەدەستهێنا و بە سەرۆکی یەکێتیەکە هەڵبژێردرا کە پێشتر یووسف قەرەزاوی تا ئەو کاتەی کۆچی دوایی کرد لەو پۆستەدا بوو.
ئەم بابەتە 12016 جار خوێندراوەتەوە