مەسروور بارزانی پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا كرد
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا كرد
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرد و پشتیوانییان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دووپات کردەوە.
ڕۆژی ھەینی ١٨ـی نیسانی ٢٠٢٥ مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە نووح یەڵماز، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا برەودان بە پەیوەندی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا و دوایین پێشھات و گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە تاووتوێ کرا.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی گرینگی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیھان کرا و باس لە گرینگی ئەنجامدانی پرۆژەی ستراتیژی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی ووڵاتانی کەندئاو و عێراق و ھەرێمی کوردستان بە تورکیا و ئەورووپا لە ڕێگەی ھێڵی ئاسنین کرا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا، "بیروڕا لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ئاڵۆگۆڕ کرا و پشتیوانی خۆیان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دووپات کردەوە. لەمبارەیەوە جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا، سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی کرد بۆ پشتیوانی لە پرۆسەکە".
ئەم بابەتە 24 جار خوێندراوەتەوە