مەسروور بارزانی پێشوازی لە وەزیرانی دەرەوە و وزەو سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا كرد
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی پێشوازی لە وەزیرانی دەرەوە و وزەو سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا كرد
پێنجشەممە 8/24 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد.
لە دیدارەکەدا کە ئەلپئەرسلان بەیرەکتار وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا ئامادەی بوو، دوا پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە تاوتوێ کرا.
سەرۆکی حکوومەت جەختی لە گرینگی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ تورکیا لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانکاریکردن بۆ هاتووچۆ و گەشتیارانی هەردوولا کردەوە.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پێویستی و گرینگی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا و نەهێشتنی هەموو ئاستەنگ و کێشەیەکی تایبەت بەم بابەتە ، چوونکە وەستانی هەناردەکردنی نەوت ، زیانی بە هەموو لایەک گەیاندووە.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس لە پڕۆژەی ناسراو بە ( ڕێگەی پەرەپێدان) و بەستنەوەی ووڵاتانی کەنداو و عێراق بە تورکیا و جیهان لە ڕێگەی هێڵی ئاسنینەوە کرا .
لەمبارەیەوە سەرۆکی حکوومەت، دووپاتی کردەوە کە پێویستە ئەنجامدانی پڕۆژەکە بە ڕەزامەندی و هەماهەنگیکردن بێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بە شێوەیەک بێت کە لە بەرژەوەندی گشت هاووڵاتی و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراقدا بێت .
وەزیری دەرەوەی تورکیا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانکردنی هەرێمی کوردستان نیشاندا و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی .
پاشان سەرۆکی حکوومەت و وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، جەختیان لە برەوان بە پەیوەندی دوولایەنە لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و هەماهەنگی لە پێناو ئاسایش و سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کردەوە .
ئەم بابەتە 11985 جار خوێندراوەتەوە